:KMMK
بە پێی کوتەی سەرپەرشتیاری زانکۆی زانستی پزیشکی لە خۆراسانی شوماڵی: لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو وێڕای هەڵکشانی ڕێژەی پشکنینی سەرەتایی شایەتی هەڵکشانی تووشبوان بە ڤایرۆسی کووید ١٩ لەم پارێزگایەین و ئەم ئامارە گەیشتووە بە ٨١۴ کەس.
لە ڕاپۆرتی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکی خۆراسانی شوماڵی، سەید ئەحمەد هاشمی کوتی: تا نێوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، ٨١۴ کەس لە خۆراسانی شوماڵی تووشی ڤایڕۆسی کورۆنا بوون و ڕێژەی مردوان بە ٨٠ کەس گەیشتووە.
ناوبراو کوتی؛ ڕێژەی تووشبوان لە شارەکانی پارێزگای خۆراسانیشوماڵی بەم شێوەیە: بجنوورد٣٧۶ کەی، شیوان١٠۵ کەس، فارووج ۵۴ کەس، مانە و سملەقان٧٠ کەس، جاجروم٣٣ کەس، گرمە ٢۴ کەس، ڕاز و جرگەلان ٢۶ کەس، ئەسفەراین ١۶ کەس بە تەواوەتی تووشی نەخۆشی کووید١٩ بوون، هەر وەها ئاماژەی پێدا کە ١٢٠ کەس گومانی تووشبونیان لە سەرە لە پەڕاوپەڕی ئەو پارێزگایە. و هۆشداریشی دا کە لە ڕۆژانی پشوو دیتراوە لە دەورووبەری شارەکان زۆرینەی بنەماڵەکان لە باخەکان کۆدەبنەوە و ئەمە لە خۆیدا بەرچاوترین هۆکاری تووشبوونە.
شیاوی باسه کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵک دەکات کە لە ماڵەوە بمێننەوە و مەیەنە دەرەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە پێش تەشەنە و هەبوونی کورۆنا بە هۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی ناهەمواری ئابووری خەڵک توانای دابین کردنی بژیوی ژیانیان نەبوو بە تایبەت لە دەڤەرە کوردنشینەکان، کەچی ئێستە کە دۆخەکە زۆر لەو دەم تەنگەتاوترە بە بێ ئەوە پلانێکی هەبێ بۆ دابین کردنی پێویستییەکانی خوانی خەڵک داوا دەکات کە نەچنە سەرکار. ئەمە لە کاتێکدایە کە پتر لە ٨٠ لە سەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوپەڕی هەژاری و بێوازی دەژین و وێڕای ئەوە ئاماری تووشبوان و کوژراوان بە نەخۆشی کووید ١٩ چەندد ئەوەندەی ئەو ئامارەیە کە ناوەندە حکوومییەکان ئاشکرای دەکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان