KMMK:
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ژنێکی دانیشتووی شاری ســنە بە ناوی سارینا غەفووری ٢۵ ساڵ تەمەن بە دەستی براکەی کوژرا.
سارینا کچێکی پێنج ساڵانی هەیە و سەرپەرشتی بنەماڵەیە، ناوبراو ماوەیەک لەمەو پێش لە هاوژینەکەی جوێ بوویەوە و لە گەڵ کچەکەی لە شاری سنە دەژیان.
بە گوێرەی هەواڵەکە بنەماڵەی سارینا سکاڵایان لە سەر کوڕەکەیان تۆمار نەکرد و بە دانی ڕەزایەت لە سزادانی ناوبراو خۆیان بواردووە.
شیاوی باسە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژنان لە پێگەیەکی خوارتر لە پیاوانن و ئایین و سیستەمی کۆمەڵایەتی و کەلتووری ئەم هەڵاواردنە داسەپاوە پەرە پێداوە.
سیستەمی قەزای و حکوومەتی ئێرانیش بە هێز بەخشین بە یاسای دژە ژن پەرەی بەو پرسە داوە و ژنانێکی زۆرتری قوربانی ئەو نادادوەریە کردووە.
لە کوشتنە نامووسییەکان یان کوشتنی ژنان بە دەستی برا، باوک یان هاوژین، یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو مافەی بە بنەماڵە داوە کە کەسی تاوانبار لە ڕێی ڕەزایەتەوە لە سزادان بپەڕێننەوە و ئەمەیش بۆخۆیی کوشتنی ژنانی پەرە پێداوە.
کوشتنی ژنان بە بیانووگەلی نامووسی، بنەماڵەیی و … ساڵانە ژنانێکی زۆر دەکاتە قوربانی. ئەمە جگە لە کوشتنی ژنانێکە کە بە هۆکارگەلی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و یاسایی، هەژاری، نەخۆشی و …بوار بۆ ئەم دێاردە سامدارە دەڕەخسێنێ.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا بەم حاڵەتەوە ١١ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە قوربانی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


