KMMK:
سەر لە بەیانی ڕۆژی سێ شەممە ٩ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی مەحکووم بە زیندانی تاهەتایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ـەوە لە زیندانی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ گواستنەوەی کوتووپڕی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە سێزدەهەمین ساڵی زیندانی تێدەپەڕێنێ و هاوکات بە پێی بەڵگەی پزیشکی هەڵگری دوو نەخۆشی وەکوو «ناخنک» چاو و «برفک دهان»ە .
شیاوی باسە: بە پێی ڕاپۆرتەکە لە زمانی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراوەوە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە پاش زانینی ئەم بابەتە سەردانی زیندانی شاری خۆی ـیان کردووە، بەڵام ڕایەدارانی حکوومەتی ئێران پێیان ڕاگەیاندوون ئەگەری ئەوە هەیە دۆسیەی نوێ بۆ زەینەب جەلالیان بکرێتەوە و شیمانە دەکرێ لە مەڕ تۆمەتی نوێ و لێپێچینەوە, بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای تاران بەڕێ کرابێت.
حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەم ئان و ساتەدا پتر لە هەر کاتێک هەڵی کوتاوەتە سەر گەنجانی کورد و زیندانی کردن و ئێعدام پەرەی ستاندووە و گوشار لە سەر چالاکانی کورد لەو پەڕی خۆیدایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان