KMMK:
سێ شەممە ٩ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، سێ زیندانی مەحکووم بە ئێعدام لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە ئێعدام کران. زرار پەیغامی، فایەق شەریفی و یاسر ڕەسووڵی ئەو سێ زیندانیەن کە ئێعدام کراون.
زرار پەیغامی ۵٣ ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی نەڕزیوەی سەر بە شــنۆ، سێ ساڵی بەرێ بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ناوی کاوە گەرمێنی کوڕی حاج حسێن گەرمێنی دەستبەسەر و لە دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران بە قەرەبوو(قەساس) و ئێعدام مەحکووم کرابوو. ناوبراو سەر لە بەیانی ئەوڕۆ لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ ئێعدام کراوە.
شیاوی باسە کە هاوژینی زرار پەیغامی بە هۆی ترس لە ئێعدامی هاوژینەکەی، سێ مانگی بەرێ جەڵدە لێ داوە و بەو هۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی خۆی لە دەست داوە. زرار پەیغامی خاوەنی ۵ منداڵە.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی گوڵان کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و ئەندام و ناسیاوانی ئەم زیندانییە سەردانی بنەماڵەی کەسی کوژراویان کردبوو و خوازیاری ڕەزایەت لە بنەماڵەکەی ببوون.
شیاوی باسه هاوکات لە گەڵ ئێعدامی زرار پەیغامی، زیندانیەکی دیکە بەناوی یاسر ڕەسووڵی ٣٠ ساڵ تەمەن خەڵکی بۆکان ـیش ئێعدام کراوە. ناوبراو بەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
بنەماڵەی ئەم زیندانییە ئێعدامیەش بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی زیندانیان کردووە.
هەروەها حوکمی فایەق شەریفی خەڵکی دیواندەرە کە بە تۆمەتی کوشتن لە زیندانی ناوندی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە زیندانی بوو، سەرلە بەیانی ئەوڕۆ لە شاری سنە جێبەجێ کراوە و ناوبڕاویش ئێعدام کراوە.
هەوڵی کەس و کار و خەڵک بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە باوک و دایکی کەسی کوژراو بێ ئەنجام بووە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ١٢ کەس ئێعدام کراون، بە هەژماری ئێعدای ئەم سێ زیندانییەوە ڕێژەی ئێعدام کراون بە ١۵ کەس گەیشتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان