ســنە: سینا محەممەدی ئێعدام کرا و عەدنان میرەکی ڕزگاری بوو

KMMK:

سەرلە بەیانی پێنج شەممە ۴ی گوڵانی٢٧٢٠ی کوردی، سینا محەممەدی ٢۶ ساڵ تەمەن خەڵکی دێولان لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە لەسێداره درا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: سینا محەممەدی لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕۆژی پێنج شەممە بە ئامادە بوونی دایک و باوکی کوژراوەکە لە زیندان ئێعدام کرا.
شیاوی باسە: کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە و دێولان بە ئامادە بوونیان لە بەردەرکی زیندانی حکوومەت لە سـنە خوازیاری ڕێگری لە ئێعدامی ناوبراو بوون کە بە هاتنی دایک و باوکی کوژراوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لەو شوێنە بە لێدان و هەڕەشە بڵاوەیان پێکرا.

سینا محەممەدی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بە قەرەبوو کردنەوە مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە کاتی تووشبوون بەو تاوانە ١٧ ساڵ تەمەنی بووە و لە دادگای یەکەمین بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بوو بە ئێعدام و ئەوڕۆ لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە سنە حوکمەکەی جێبەجێ بوو.

لە لایەکی دیکەوە و بە هەوڵ و بە دواداچوونەکانی چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری سنە عەدنان میرەکی زیندانی مەحکووم بە ئێعدام ڕزگاری بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بەڕێز حەبیب الڵە ڕەنجبەری باوکی کەسی کوژراو سەر لە بەیانی ئەوڕۆ ڕەزایەتی خۆی بۆ دۆسیەی عەدنان میرەکی ڕاگەیاند و بەم زیندانییە ژیانێکی نوێی بەخشی.

شیاوی باسە: لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم چوار حاڵەتی ئێعدام لە زیندانکانی حکوومەتی ئێران لە سنە، سەقز و کرماشان لەلایەن حکوومەتەوە جێبەجێ کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان