مانگرتن لە خواردنی وشکی مستەفا سەبزی

KMMK:

ڕێکەوتی ۲۸ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، زیندانی سیاسی کورد مستەفا سەبزی دەستی دایە مانگرتن لە خواردنی وشک و تا ئێستە بەردەوامە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو ۱۲ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕێگری کردن لە گواستنەوەی بۆ زیندانی ماکۆ و بێبەری کردن لە مافی مەرەخەسی دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن کە لەسەر داوا و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ بەدواداچوون و جێبەجێ کردنی حوکمەکەی پاش حەوتوویەک دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرت بەڵام بەبۆنەی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکەیان دیسانەوە دەستی دایەوە مانگرتن لە خواردن.

شیاوی باسە ناوبراو تا ئێستە دەیان جار دەستی داوەتە مانگرن لە خواردن.

مستەفا سەبزی، هاوڵاتی کوردی خەڵکی ماکۆ ڕێکەوتی جۆزەردانی ۲۷۱٤ی کوردی، لە یەکێک لەوندەکانی دەورووبەری ورێ لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتوخانەکانی ئەو دامەزراوە ئەمنییە کەوتە ژێر لێپێچینەوەی گران و پاش چەندد مانگ لە لایەن لقی ۲ی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە ورمێ بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک)” ۱۵ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و ئەم حوکمەیش لە دادگای پێداچوونەوە وەکوو خۆی پشتڕاست پەسەند کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان