لەسێدارەدانی شایان سەعیدپوور/ ئەگەری لە سێدارەدانی چەند کەسێکی دیکە

KMMK:

رۆژی سێ شەمە ۲ گوڵانی ۲۷۲۰ کوردی، بەندکراوی زیندانی حکوومەتی ئێران لە سەقز بەناوی «شایان سەعید پوور» کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو ئیعدام کرا.
شایان سەعیدپوور کاتێ میرمنداڵ بوو تووشی قەتڵ بووە و سزای قەساس (کوشتنەوە) ی بەسەردا سەپاوە.
لە کاتی هەڵهاتنی بەندکراوانی گرتووخانەی حکوومەت لە سەقز، ناوبراو لەگەڵ چەندین بەندکراودا توانیبوویان هەڵبێن بەڵام لە دوای چەند رۆژێک ناوبرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە قۆڵبەست و راگوێزی گرتووخانەی گشتی لە شاری سەقز کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە: هەوڵدانی بنەماڵەکەی و خەڵک بۆ وەرگرتنی لێبووردن لە خاوەن کوژراوەکە بێ ئاکام بووە و ناوبراو رۆژی سێشەممە لەسێدارە درا.
لە راپورتێکی دیکە دا کە بە کۆمەڵەی مافی مرڤی کوردستان گەیشتووە: ئەگەری لە سێدارەدانی بەند کراوێکی دیکە بەناو «عەدنان میرەکی» لە ئارادایە.
بنەماڵەی ئەم بەند کراوە داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتییان بدەن و بەر بەم لە سێدارە دانە بگرن.
شایەنی باسە: ئەم بەند کراوە لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە دەسبەسەرەو هەروەها بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئەگەری لە سێدارە دانی پێنج بەند کراوی دیکە بەناوگەلی « سەعید محمدپوور خەڵکی کرماشان، سینا محمدی خەڵکی دێولان، واحد فەیزی خەڵکی بانە، رامیەر موخلی خەڵکی بانە و لوقمان ئەحمدی پوور  یش لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوەلە ئارادایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان