هەڵکشانی بەرچاوی ئاماری تووشبوان بە ڤایرۆسی کوڕۆنا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

هاوکات لە گەڵ بە ئێپیدێمی کوڕۆنا ڤایرۆس لە جیهان، ئامارەکان دەرخەری هەڵکشانی بە خێرای تووشبوانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بە گوێرەی گوزارشە فەرمییەکان لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاماری تووشبوان و ئەوانەی بەم ڤایڕۆسە مردوون لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیە:

۱. نیکبەخت، دەست نیشانکراوی حکوومی زانکۆی زانستی پزیشکی لوڕستان ڕایگەیاند: تا ئێستە دوو هەزار و ۳۴۲ وێنە لە نەخۆشانی گومان لێکراو بە “کوڕۆنا” لە پارێزگای لوڕستان بۆ تاقیگە نێردراوە. کە لەم ڕێژە ۸۰۱ کەس پۆزەتیڤ و ۱٤۳۸ کەس نێگەتیڤ ڕاگەیەندراوە. هەروەها تا ڕێکەوتی هەینی ۱۵ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی ڕێژەی ۶۷ کەس بە هۆی نەخۆشی کوڕۆنا تۆمار کراوە.
۲. محەممەد کەریمیان سەرۆکی حکوومی زانکۆی زانستی پزیشکی ئیلام ووتی: ڕێژەی تووشبوان بە کوڕۆنا لەم پارێزگا بە ۳۰۷ کەس گەیشتووە.
ناوبراو ئاشکرای کرد: مەخابن لە ۲۴ کاتژمێری ڕابردوو دوو کەس بە هۆی نەخۆشی کوڕۆناوە لەم پارێزگایە ڕاگەیەندراوە کە بە هەژماری ئەم ڕووداوانەوە ڕێژەی کۆچ کردوان بە هۆی کوڕۆناوە لەم پارێزگایە بۆ ۲۹ کەس هەڵکشاوە.
۳. دوکتۆر ئیبراهیم شەکیبا وتەبێژی حکوومی ناوەندی کۆنتڕۆڵی کوڕۆنای زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان کوتی: بە شناسایی ۲۳ تووشبوی نوێ لە ۲٤ کاتژمێری ڕابردوو ڕێژەی تووشبوان لە پارێزگای کرماشان بۆ ۲۶۸ کەس هەڵکشاوە کە لەم ڕێژەیە ۳۰ کەس گیانیان لە دەست داوە.
۴. دوکتۆر ئاقازادە سەرۆکی دەستنیشانکراو لە لایەن دەوڵەتەوە لە زانکۆی زانستی پزیشکی ورمێ، پێنج شەممە ۱۴ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی لە هەمبەر دواین ئامار تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆید۱۹ لەم پارێزگایە کوتی: سەرجەم لە ۲۰۰۳ تاقیکردنەوەی کەسەکان لە مەڕ ناسینی تووشبوان ۸۰۸ کەس بە پۆزەتیڤ تۆمار کراوە. ناوبراو لە درێژەدا کوتی: مەخابن بە ۶ کەسی نوێوە کە گیانیان لە دەست داوە ۳ کەس لە ورمێ ۱ لە پیرانشار و ۱ لە شاهین دژ و ۱ لە بۆکان ڕێژەی کۆچکردوانی پارێزگا گەیشت بە ۷۲ کەس و ڕێژەی چارەسەر بۆکراوانیس ٤۱۶ کەسن.
سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی پارێزگا ڕێژەی تووشبوان بە دابەشکردنی شارەکانی بەم جۆرەی خوارەوە ڕاگەیاند: ورمێ ۲۴۵، بۆکان ۸۸، خۆی ۱۲۲، سەردەشت۲۱، شاهین دژ۴۳ ، تیکاب ۲۷، میاندواو ۸۳، چایپارە۴، چالدێران۵، پولدەشت۶، نەغەدە ۲۵، ماکۆ۱۴، شنۆ ۱۷، پیرانشار۲۲، شوت۸، مەهاباد ۵۰، سەڵماس ۱۹ و ڕەبەت ۹ کەس.

۵. فەرزین ڕەزاعی سەرۆکی دەست نیشانکراو لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان دواین ئاماری تووشبوان بە ڤایرۆسی کوڕۆنای لە پارێزگای سنە تا نیوەڕۆی هەینی ۱۵ی خاکەلێوەی ڕاگەیاند.
ناوبراو بە پێی ئەوەی ڕێژەی نەخۆشانی تووشبوو بە کوڕۆنا ڤایرۆس لە سەرەتاوە تا نیوەڕۆی هەینی بە ۵۸۷ کەس گەیشت، درێژەی بە باسەکەدا: شاری سەقز بە ۱۷۲حاڵەتی تووشبوو هێشتا زۆرترین ئاماری تووشبوانی لە خۆ گرتووە.
ناوبراو کوتی: سنە ۱٤٤ کەس، بانە ۹۶کەس، قوروە٤۲ کەس، بیجاڕ ۳۲ کەس، دیواندەرە ۲۵ کەس، دێولان ۲۵ کەس، مەریوان ۱٨ کەس، کامێران ۱٦کەس و سەوڵاوایش ۱۰ کەس نەخۆشی تووشبووی بە کوڕۆنا ڤایرووس هەیە.
ڕەزاعی ڕێژەی ئەوانەی بە ڤایرۆسی کوڕۆنا مڕدوون لەم پارێزگایە ۷۱ حاڵەتی ژمارد و کوتی: سەقز ۲٤ کەس، بانە ۱۲ کەس، قوروە۱۰ کەس، سنە ۸ کەس، مەریوان ۵ کە و بیجاڕ ٤ کەس بووە.
بە پێی ئەم ئامارە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە ڕێژەی ۲۷۷۱ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڤایرۆسێ کوڕۆنا تووشبوون کە ۲۶۹ کەس لە تووشبوان گیانیان لە دەست داوە و ئەمە بۆخۆی دەرخەری ئەوەیە کە نێزیک بە مردنی دە لە سەتی تووشبوان دەمرن.

شیاوی باسە کە: ئەم ئامارە لە لایەن دامەزراوە پێوەندی دارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو بوەتەوە و بە پێی سیاسەتی چەواشە کارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، شیمانە دەکرێ کە ئامارەکان ناڕاست و ڕێژەی تووشبوان پتر لەو لیستەی بڵاو کراوەتەوە بێت کەلە لایەن حکوومەتەوەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم بڕوایەدایە کە: تەرخان نەکردنی پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی ئەم بەشەلە کوردستان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە، هەروەها ڕێگەپێدانی سەفەری فەقێ کانی دانیشتووی قوم ( ناوەندی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کوڕۆنا بۆ ئێران) و جێگرکردنیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەکراوەیی مانەوەی سەیتەرە و پرسگەکانی سنووری هۆکاری ئاشکرای هەڵکشانی هەرە زۆری ئاماری تووشبوان بە کوڕۆنا ڤایرۆسە لەم بەشەی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان