رەشید ناسرزادە ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

KMMK:

رەشید ناسرزادە چالاکی بواری ژینگەو ئەندامی تیپی شاخەوانی پێشڕەوی شنۆ لە لایەن لقی ۱۰۱ دادگای ژمارەی ۲ تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شنۆ سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپا.

بەپێی زانیارییەکان: رەشید ناسرزادە بە تۆمەتی «هاوئاهەنگی بۆ ئەنجامی تاوان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ۵ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی «پڕووپاگەندا دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران» ۱ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە. ناوبراو هەروەها لە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ پارتێکی دژبەریحکوومەتی ئێران» بێبەری کرا و حوکمی سزاکەی رۆژی پێنج شەمە ۷ خاکەلێوەی ۲۷۲۰ بە فەرمی پێی راگەیاندرا.
بە پێی یاسای کۆبەندی تاوان، حوکمی زۆرینەکەی کە ۵ ساڵ زیندانییە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
رەشید ناسرزادە رۆژی سێ شەمە ۱۲ سەرماوەزی ۲۷۱۹ کوردی لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی باشووری کوردستانەوە بۆ شنۆ، لەسەر رێگای پیرانشار بۆ شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قۆڵبەست کراو لە دوای ۴۵ رۆژ لە رۆژی ۲۶ بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ۲۰۰ ملوێن تمەنیبە شێوەی کاتی و تا رۆژی کۆبوونەوەی دادگاکەی ئازاد کرابوو.
ئەم چالاکە ژینگەییە سەرجەم تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەوڵ دایە بە تۆمەتبارکردنی چالاکانی مەدەنی، سیاسی و ژینگەیی و هەڵبەستنی تۆمەتگەلی بێبنەما رێگای چالاکییەکان بگرێت و بەم شێوە چالاکییە مەدەنییەکان کە دەبنە هۆی هوشیار بوون و سەرەڵدانی کۆمەڵگا، بوەستێنێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: