کۆڕۆنا لە شاری ڕەبەت و سەردەشت/ ئەگەری کارەساتێکی گەورە لە ئارادایە

کۆڕۆنا لە شاری ڕەبەت و سەردەشت/ ئەگەری کارەساتێکی گەورە لە ئارادایە
KMMK:

لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی دسامبر، کاربەدەستانی بەشی لەش‌ساغی گشتی لە وڵاتی چین بە ڕێکخراوەی گشتی جیهانی بێهداشتیان ڕاگەیاند؛ کە نەخۆشیەک لە شاری ووهان لەم وڵاتە بڵاوبۆتەوە. کە ئەم وایرۆسە نامۆ و نوێیە و نیشانەکانی هاوشێوەی نەخۆشی زاتۆڕیەیە و بە شێوەیەکی لەز لە پەرەسەندن دایە و ناوی نوێی دیاری کراو بۆ ئەو نەخۆشییە کە سییەکان تووش دەکا کڕۆنا، کووید ۱۹ ڕاگەیەندرا.
ئەو ناوە لە ڕۆژی سێ‌شەممە ۱۱ فێوریە بە شێوەی فەرمی لە لایان ڕێکخراوەی جیهانی بێهداشت ڕاگەیەندرا.

بە هۆی کەمتەر خەمی و بایەخ نەدانی کاربەدەستانی حکومەتی ئێران بە سڵامەتی خەڵک، ئەم وایرۆسە پەرەی سەند، سەرەتا لە شاری قوم و تاران، دوایی هەموو ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە،

نەبوونی هەڵسووکەوتی گونجاو و لە کاتی خۆیدا لە لایان کارەدەستانی حکومەتی ئێران بوو بە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زۆرتری ئەم وایرۆسە و توشبوونی خەڵکانێکی زۆر بەم نەخۆشییە.

لە شاری سەردەشت و ڕەبەت بە هۆی کیمیاوی بوونی شارەکە و نەبوونی کەرەسەی پێویستی پزشکی لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵسوکەوتی جدی و بەپەلە، مەترسی گەورە و کارەساتی گیانی بۆ سەر هاووڵاتیان ساز دەبێت.
چالاکانی مەدەنی ئەو شارە پێشتر هۆشداریان دابوو بە پارێزگار و فەرمانداری ئەو شارە و داوایان کردبوو بۆ پێشگرتن لە تووشبوونی خەڵک بەو وایرۆسە هاتوچۆ ڕابگرن و شار قەرەنتینە کەن.

ئێپیدێمی کڕۆنا وەک هەڕەشەیەکی ناونەتەوەیی، لە وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی کاتی خەریکی پەرەسەندنە و هەر شۆنێکی بۆی گونجاو بێ دایدەگرێ کەچی کاربەدەستانی بەشی ڕووداوی کاتی بۆ پێشگرتن لەم بارودۆخە مەترسیدارە لە هیچ بوارێکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.
شۆێنەواری ئەم کارەساتە لە شارەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت وەک بانە و سەقز کە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و نابەرپرسیاری بەرپرسان دەتوانێ لە شاری سەردەشت بە هۆی کیمیاوی بوونی شارەکە و هەبوونی خەڵکانێکی زۆر لەم شارە کە بە هۆی کیمیاباران تووشی کێشەی سییەکانن، کارەساتێکی مرۆڤی گەورەی بخوڵقێنێ.
لە شاری سەردەشت، بە هۆی هەبوونی جێگای گونجاو بۆ ئەو وایرۆسە وەک کێشەی پێست، سییەکان، هەناسە و بێ‌هێزی عەساب و ڕەوان، ٨۰۰۰ خەسار بەرکەوتوی کیمیاباران لەو شارە لە مەترسی خەساری بێ بڕاونەوە دان و کارەساتی جددی لە ئارادایە.

قەرەنتینەی تەواو و داخستنی ڕێگای هاتوچووی شارەکانی دەوروبەر، دابین کردنی تیمی شارەزای تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە پێویست ترین ڕێگارەکانە بۆ پاراستنی ٨۰۰۰ کیمیاوی ئەم شارە لە هەمبەر ئەم وایرۆسە، لە ئەگەری ئەنجامنەدانی ئەم ڕێکارانە دەبێ چاوەڕوانی کەوتنەوەی کارەساتێکی ئینسانی تر لە سەردەشت بین.

چالاکوانانی مەدەنی ئەم شارە بە سازدانی کەمپەینێک بە ناوی “لە ماڵێ دەمێنینەوە” ئامانجیان پاراستنی خەڵکی شارە لە هەمبەر وایرۆسی کڕۆنا یە.
یەکێک لەم چالاکوانانە بە ناوی (س.م) ئاوا بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوا؛
“لە چەند ڕۆژی دەسپێک جێگا گشتییەکان، دوکان و بازار تەواو کراوە بوون و هەر بۆیە لە لایان چالاکوانانی مەدنی هۆشیاری پێویست لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان درایە خەڵک بەڵام نەیتوانی کاریگەری ئەوتۆی لەسەر خەڵک هەبێ.
هەر بۆیە چالاکوانانی مەدەنی لەم شارە بە پۆشینی جلی تایبەتی دژی ئەم وایرۆسە و ماسک و دەستەوانە دەستیان دایە پاقژکردنی شار و توانیان سرنجی خەڵک ڕابکێشن و ئاگاداری پێویست بۆ پاراستی خۆیان لە هەمبەر نەخۆشییەکان پێ بدەن. چالاکوانان هەروەها دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی ماددەی پێویستی پاکردنەوە لە ناو خەڵک.”

ئەم چالاکە هەروەها لە درێژەی ووتەکانی دا ڕایگەیاند کە “لە ناو شار دا پێوەندیان بە زۆر کەس گرتووە و توانیویانە زانیاری پێویستی لە سەر سەلماندنی کارەساتەکە و لە بەرچاو گرتنی بواری پاکوخاوێنی بدەنە خەڵک و قەرەنتینە وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی نیشان بدەن.
هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە داوا لە خەڵک بکەن بۆ بەخشینی کرێ‌ ماڵەکان وهەروەها داوا لە تەوای گوندەکان بکەن میوان وەرنەگرن و لە ماڵێ بمێننەوە”.

بە پێی ڕاپۆرتەکان؛ کەسێک بەناوی مەنسور ناسری خەڵکی شاری ڕەبەت بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی کڕۆنا گیانی لە دەست داوە.
ناوبراو لە سەردانێک کە بۆ بەشی دەرمانی ئەم شارە کردبووی، پێی گوترابوو کە نەخۆش نییە و هیچ کێشەیەکی نییە کەچی دوو ڕۆژ دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ گیانی لە دەست دا.
نابراو خێزاندار بووە و دوو مناڵی هەیە کە هەموو ئێستا لە قەرەنتینە دان.
هەروەها کەسێک بەناوی حسێن عەبدی بە هۆیی وایرۆسی کرۆنا گیانی لەدەست داوە.

بە پێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا لە شاری ڕەبەت ۷ کەسی تووشبوو بەم وایرۆسی کڕۆنا دیاری کراون. لە شاری سەردەشت داتایەکی ڕوون لە بەر دەست دانییە، بەڵام لە ئێستا دا لە نەخۆشخانەی ئەم شارە لە بەشی توشبوان بەم وایرۆسە ۱۰ کەس خستراون.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێ حەوتووی دەسپێکی بڵاوبوونەوەی وایرۆسی کڕۆنا لە ئێران ئەم نەخۆشییەی شاردەوە و هیچ ڕێکار و هیچ هەڵسوکەوتێکی بۆ بەرگری لە بڵاو بوونەوەی ئەم وایرۆسە نەگرتە بەر و بە سازدانی کۆبوونەوە گشتییەکان و بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمە تایبەتەکان لە پەڕەپێدان و بڵاوبوونەوەی ئەم وایرۆسە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان