هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کۆڵبەرێکی دیکەیان کوشت

KMMK:

سێ شەممە ۲۷ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، سیروان شەریفی لە ناوچەی هەنگەژاڵی شاری بانە بە هۆی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە.
ئەم کۆڵبەرە لە گەڵ کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە لایەن ئەم هێزانەوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامی گرانی و قوڵی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، سیروان شەریفی خێزاندار و باوکی منداڵێکه و تەرمی بێ گیانی ناوبراو بۆ لای پزیشکی یاسایی گوازراوەتەوە.
شیاوی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوازێکی سیستەماتیک دەست دەداتە کوشتنی کۆڵبەران، ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی ئاشکرای پێشێلکاری مافی مرۆڤ و جینایەت دژ بە مرۆڤایەتییە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم ڕووداوەوە ۶ کۆڵبەر کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان