بڵاوبوونەوە وتەشەنەی ڤایرۆسی کۆید۱۹ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی کەرەستەی بەرگری و دەرمانی

KMMK:

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوون و کەم کورتی کەرەستە و پێداویستی پزیشکی و پێشگیری هەر ڕۆژەو بەبۆنەی ڤایرۆسی کۆید۱۹(کوڕۆنا) قوربانی دەدات.

بە پێی ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی بڵاوکراوە لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕێژەی تووشبوان و مردنەکانی نەخۆشی کوڕۆنا تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە بە شێوەی خوارەوەیە:
کیانووش جەهانپوور ووتەبێژی وەزارەتی بێهداشتی حکوومەتی ئێران لە ئیرنا ڕایگەیاند:
۱ــ پارێزگای ســنە ۳۷۰‌ سەردانی گوماناوی بە کوڕۆنا هەبووە کە ۷۸ دانەی ئەرێنی ڕاگەیەندراوە و لەم ڕێژەیە لە سەقز ۳۱ کەس، بانە ۱۷ کەس، سنە ۱۲ کەس، کامێران ۳ کەس، قوروە۷، مەریوان ۲، بیجاڕ۲، دێولان۲ کەس بووە ولەم ڕێژەیە ۸کەس لە سەقز و کەسێک لە مەریوان گیانیان لە دەست داوە.
۲ــ لە پارێزگای کرماشان۹۰ کەس گومانی تووشبوونی کۆید۱۹ یان هەبووە کە ۵۱ کەس ئەرێنی(پۆزەتیڤ) ڕاگەیەندراوە و ۶ کەس لەوان گیانیان لە دەست داوە.
۳ــ بەپێی ڕاگەیەندراوی جێگری حکوومی زانکۆی زانستی پزیشکی پارێزگای ورمێ ۴۷۹ حاڵەتی گوماناوی لەم پارێزگایە سەردانیان کردووە کە ۱۰۵ کەسیان پۆزەتیڤ دەرکەوتووە و ۴ کەس لەم ڕێژەیە گیانیان لە دەست داوە کە هەر چوار کەسەکە خەڵکی بۆکان بوون.

٤ــ بەپێی ڕاگەیەندراوی دواین ئامار لە لایە بەرپرسانی حکوومی زانکۆی زانستی پزیشکی خۆراسانی شوماڵی: لەم پارێزکایە ۱۷۸ حاڵەتی گوماناوی لە پێوەندی لە گەڵ ڤایرۆسی کوڕۆنا سەردانیان کردووە کە ۳٤ حاڵەت تووشبووی کوڕۆنا تۆمار کراوە و لەم ڕێژەیە کەسێک گیانی لە دەست داوە.

۵ــ محەممەد نیک بەخت لە بەرپرسانی حکوومی خوڕەم ئاوا گوتی: تا کۆتایی ڕۆژی ۱۷ی ڕەشەممە ۱۰۲ کەس لە پارێزگای لۆڕستان تووش بوون و لەم ڕێژەیە ۵ کەس گیانیان لە دەست داوە.
۶ــ ووتەبێژی حکوومەتی زانکۆی زانستی پزیشکی ئیلام ڕایگەیاند: ۵۶ کەس تووشبوو بە ڤایرۆسی کوڕۆنا لەم پارێرگایە تۆمار کراوە کە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە.

ئەو ئامارە لە کاتێکدا لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی و پێگەیەنەرە گرێدراوەکانییەوە ڕاگەیەندراوە کە سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە چەندد ئەوەندە بوونی ئاماری تووشبوان و مردنەکان دەکەن.لە ڕۆژانی ڕابردوو لە فەزای مەجازی چەندد ڤیدیۆ و وێنە بڵاو بوونەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی کۆمەڵگا و ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە کەباس لە نەبوونی کەرەستەی سەرەتای پێشگرتنی وەکوو ماسک و جلی پەرستاران، هەروەها مادەی خاوێن کەرەوە و دەست شۆردن لەم بەشەی کوردستان دەکەن.

نەبوونی پێداویستی پێشگیری کردن و پزیشکی و پێنەدان و تەرخان نەکردنی بووجەی پێویست لە لایەکەوە، شاردنەوە و لەچاڵ نانی تەرمی مردوان بە دزیەوە و دوور لە چاوی گشتی لە لایەکی ترەوە بووە بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی هەرچی زیاتر خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە هەڵسووکەوتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ڤایرۆسی nCo_2019 (کۆیدا ۱۹) لە بنەماڵەی سارس ـە کە یەکەمجار لە دیسامبەری ۲۰۱۹ لە شاری ووهانی چین لە بازاڕی فرۆشتنی خۆراکە ئاوییەکان سەری هەڵدا و تا ئێستە لە جیهان پتر لە ۱۱۰ هەزار کەس تووشی کوڕۆنا بووە کە جگە لە چین کە سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسەیە، ئیتالیا و ئێران زۆرترین ئاماری مردنی تووشبوانیان لە خۆ گرتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان