حوکمی دەستبەسەری عوسمان دڵ‌ئاویز درێژ کرایەوە

KMMK:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو حوکمی دەستبەسەر کردنەوەی عوسمان دڵ‌ئاویز هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی دانیشتووی شاری مەریوان، خەڵکی گوندی “گوێزە کوێرە” لە لایان دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: “شەممە پێنج‌ی ڕەشەممە‌ی ۲۷۱۹، ناوەندی هەواڵنێری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنی داوا لە عوسمان دڵ‌ئاویز دەکا کە خۆی بگەیەنێتە چواڕای موسک‌ی شاری مەریوان و وڵامی هێندێک پرسی ئەوان بداتەوە، بەڵام ئەو چالاکوانە دوای داخستنی تەلەفۆنەکە یەکسەر خۆی دەگەیەنێتە ناوەندی هەواڵنێری و هەر لەوێ دەستبەسەر دەکرێ.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕاشیگەیاند: بەدواداچون و لێپرسینی بنەماڵەی عووسمان لەو ناوەندە ئەمنییەتیە بێ ئەنجام بووە و لە وڵامی ئەو پرسەی ئەوان کە هۆی دەستبەسەری کوڕەکەمان چییە؟ ئەو وڵامەیان پێدراوەتە کە؛ عوسمان میوانی ئێمەیە.”

عوسمان دڵ‌ئاویز ۳۰ ساڵی تەمەنە و لە ساڵی ۲۷۱۰ بەو لاوە، چەن جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و ئاخرین جار ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو کە دوایی بە بارمتە ئازاد کرا.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان