بەندکراوی سیاسی رەحیم مەحموودی ‎ئازەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا


KMMK:

رۆژی هەینی ٩ی ڕەشەممە ٢٧١٩ کوردی، بەندکراوی سیاسی کورد، «ڕەحیم مەحموودی‎ ئازەر» کە لە ناڕەزایەتی دژ بە ڕەت کردنەوەی داواکاری ئازادی مەرجدار (آزادی مشروط) دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: «ئەم بەندکراوە سیاسییە لەبەر داواکاری بنەماڵەی و ئازاری نەخۆشییەکەی [داخورانی جمگە]، دەستی لە مانگرتن هەڵگرتووە.»

ئەم سەرچاوەیە لەدرێژەدا ئاماژەی بەوەدا: « ڕەحیم مەحموودی ‎ئازەر لە ماوەی مانگرتنەکەدا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە هەڕەشەی لێکراوە کە راگوێزی بەندی لاوان و تاوانەکانی دیکە، یان ژووری تاکەکەسی دەکرێت.»

ئەم زیندانییە سیاسیەی‌ خەڵکی ورمێ، پاش تێپەڕاندنی پتر لە یەک لە سێی (۲ ساڵ) حوکمەکەی، داوای ئازادی مەرجداری لە شۆرای پۆلێن بەندی (شورای طبقه بندی) زیندان کردووە و ئەم داواکارییە لە لایەن ئەو شۆرایەوە بە بیانوی (گوێڕایەڵ نەبوون و ئەخلاقی نەخوازراو) ڕەت کراوەتەوە.

ڕەحیم مەحموودی ‎ئازەر لە بەهاری ۲۷۱۸ی لە لایەن دادگای ئینقلابی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە ورمێ، بەتۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات، ئەندامەتی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و گردبوونەوە و ڕێخستنی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» دادگایی و بە ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم گیراوە سیاسییه تەمەن ۲۲ ساڵە، ڕەشەممەی ساڵی ۲۷۱۸ لە ڕەوتی هێرشی تورکیا بۆ شاری عەفرین بریندار و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شاری حەلەب لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا دەگوازرێتەوە. ناوبراو بۆ ماوەی مانگێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سپا لە تاران و ورمێ لێپێچینەوەی لە سەر کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان