حوکمی سێدارە بۆ دوو زیندانی بیروباوەڕی پێڕەوی ئایینزای سوننە؛ ئەیوب کەریمی و داود عەبدووڵاهی

KMMK:

۱٦ سەرماوەزی ۲۷۰۹ کوردی، ئەیوب کەریمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە گرتووخانەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دا بووە و بە تۆمەتی “محاربە” لێپێچینەوەی لێکرا.
ئەم گیراوە ئایینی و بیر و باوەڕییە، دوای هەشت مانگ ئەشکەنجە دەگوازرێتەوە زیندانی ئەوین و بۆ ماوەی شەش مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ۲٤۰ و ۲۰۹ سپا و ئیتلاعات دیسان لێپێچیینەوەی لێکراو و لەوی بەردەوام ئەشکەنجە کرا.

ناوبراو جارێکی تر لە ڕێکەوتی ۲۵ خاکەلێوە ۲۷۱۰ی کوردی، گوازرایەوە زیندانی رەجایی شاری کەرەج.

ئەیوب کەریمی لە ڕەشەممەی ۲۷۱۵ لە لقی ۲٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرپەرەشتی دادوەر ” موقەیسە” بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات، ئەندامێتی لە گروپی سەلەفی و “فساد فی الارض” دادگایی کرا و سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە و لە ۵ جۆزەردان بە شێوەی فەرمی ئاگادار کرایەوە.

بە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لە هەمبەر ئەو حوکمە، لقی ۴۱ دیوانی باڵای ئێران بە سەرپەرەشتی دادوەر “رازینی” جارێکی تر پێداچوونەوە بە سەر دۆسیەی ناوبراو دا کراو لە ئاخر مانگی ۲۷۱۶ ئەو سزایە پووچەڵ کرایەوە و دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی ۱۵ دادگای ئینقلاب بەڕێکرا.

لقی ۱۵ دادگای ئینقلاب بە سەرپەرەشتی دادوەر “صلواتی” لە جۆزەردانی ساڵی ۲۷۱٨ دیسان سزای سێدارەی بۆ ئەیوب کەریمی بە تۆمەتی “فساد فی الارض” دیاری کرد.
لقی ۴۱ ی دیوانی سەروی وڵاتی ئێران ئەو حوکمەی سەرڕاستکردەوە و ڕۆژی دووشەممە ۱۴ ڕێبەندانی ۲۷۱۹ پارێزەری ناو براو مەحمود عەلیزادە تەباتەبایی لەو حوکمە ئاگادار کرایەوە.

داود عەبدووڵاهی
۱۶ سەرماوەزی ۲۷۰۹ کوردی، داود عەبدوڵڵاهی چالاکی ئایینی لە لایان هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و گوازرایەوە گرتووخانەی ناوەندی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری ورمێ، ناوبراو بۆ ماوەی ٨ مانگ لەو گرتووخانەیە لێپێچینەوەی لێکرا و بە تۆمەتی “محاربە” لە ژێر ئەشکەنجە دابوو. دوای تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوە ناوبراو گوازرایەوە زیندانی ئەوین و بە ماوەی شەش مانگ لە ژورە تاکەکەسییەکانی ۲۴۰ و ۲۰۹ سپا و ئیتلاعات ئەشکەنجە کرا.

۲۵ خاکەلێوەی ۲۷۰۲ ئەو زیندانیە سوننەیە(اهل سنت) گوازرایەوە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج. ناوبراو لە لایەن ئیتلاعاتی ئێران بە “فساد فی الارض” تاوانبار کرا.

عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتگەلی وەک هەڵسوکەوت دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، ئەندام بوو لە گرووپی سەلەفی و فساد فی الارض تاوانبار کراو لە ئاخری مانگی ڕەشەمەی ۲۷۱۵ لە لایان لقی ۲٨ دادگای ئینقلاب ی تاران بە دادوەری دادوەر موقەیسە دادگایی کراو لە سەرئەنجام حووکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنڕا.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ۵ جۆزەردان بە شێوەی فەرمی ئاگادار کرایەوە.

ئەو حوکمە دوای تۆمار کردنی سکاڵا لە لایەن ناوبراو بۆ پێداچوونەوە دووبارە درایە لقی ۴۱ دیوانی سەرووی وڵاتی ئێران بە دادوەری دادوەر “رازینی” .
دیوانی سەرووی ئێران لە ئاخری ساڵی ۲۷۱٦ی کوردی، ئەو حوکمەی پووچەڵکردەوە و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی ۱۵ی داداگای ئینقلابی ئەو وڵاتەی کرد.

لقی ۱۵ دادگای ئینقلاب بە دادوەری دادوەر “صلواتی” له جۆزەردانی ساڵی ۲۷۱٨ داود عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی “فساد فی الارض” تاوانبار کرد و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان