KMMK:
بەهۆی گرنگی زمانی دایکی، ڕێخراوی جیهانی یونسکۆ بە مەبەستی یارمەتی دانی باش بوونی فرە زمانی و فرە کەلتووری، ۲۱ی فێبرییەی هەر ساڵی وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناو لێناوە. مادەی ۳ی جاڕنامە (ڕاگەیەندراو)ی جیهانی زمانی لەو بڕایەدایە کە بۆ هەر زمانێک مافێک بوونی هەیە و هەموو زمانەکان هاوسان و بەرابەرن:
بەندی ۱ــ مافی پەروەردەی زمان و کەلتوور بە زمانی دایکی
بەندی ۲ــ مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری کەلتووری وەکوو فەرهەنگستانی زمان
بەندی ۳ــ مافی بوونی هاوسانی زمان و کەلتوور لە پێگەیەنەرەکانی پێوەندی گرتن وەکوو ڕۆژنامە و TV
بەندی ۴ــ مافی بایەخمەندبوون لە پشتیوانییەکان وگرنگی پێدانی هاوسانی حکوومەتەکان لە هەموو بوارەکان
بەپێی بنەچەی ۱۵ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران؛ زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی جوگرافیای سیاسی ئێران فارسییە. بەڵگەکان، پێوەندییە ئیدارییەکان، دەقە فەرمییەکان و کتێبی وانە وتنەوە دەبێ بەم زمان و شێوازە نووسینە بێت. بەڵام کەڵک وەرگرتن لە نەتەوە جیاوازەکانی جوگرافیای سیاسی ئێران لە بلاڤۆگ و پێگەیەنەرە گرووپییەکان وتنەوەی ئەدەبی ئەوان لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە. بنەچەیەک کە بەشی دوویەمی هەرگیز نەکەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە و تەنانەت لە گەڵ مامۆستایان، نووسەران، هونەرمەندان و هەموو ئەو کەسانەی کە لە بواری زمانی دایکی کاریان کردووە لە گەڵ هەڵسووکەوتی قیزەون وگەمار و دوور لە پێگەی مرۆیی و هاوکات لەگەڵ تۆمەتگەلی گرانی ئەمنییەتی ڕووبەڕوو بوونەتەوە و لە دادگای نادادوەرانە مەحکووم و سزا دراون.
پڕۆفیسۆر «تووە سکۆتنابب کانگاسی» بە ئاماژەدان بە گرنگ بوونی زمانی دایکی دەڵێ: زمانی دایکی وەکوو پێستی لەشی مرۆڤ و زمانی بیانی وەکوو پانتۆڵی جین، نامۆ و تەنگە بە لەشمان کە هێدی هێدی دەتوانین لەگەڵی ڕابێین بەڵام بە بێ ئەوەی بۆ ڕۆژێکیش بووە شوێنی حەسانی پێست، واتە بەرگمان بگرێتەوە و هەمان گرنگی لە حەسانەوە و پاراستنی لەشمانی هەبێ. زمانی بیانی وەکوو باڵاپۆشێکە کە ئێمە دەتوانین بۆ لەشی خۆمانەوەی بدرووین و هەر ڕۆژیش بە جلێکی نوێوە دەرکەوین بەڵام هەردەم وەکوو توێژکاڵێک لەسەر لەشمان دەردەکەوێ. دوور ڕاگرتنی زمانی دایکی وەکوو لێکردنەوەی پێست لەسەر لەشمان وایە.
لەم چوارچێوەیەدا «موحسین ڕەنانی» ــ مامۆستای ئابووری زانی زانکۆی ئەسپەهان ــ بە بەڵگەهێنانەوە لەسەر ئاماری فەرمی دەڵێ: ۶۷ لە سەتی ڕەتەوبووەکانی قوتابیانی پولی یەک و دووی سەرەتایی تایبەت بە ۹ پارێزگای دوو زمانەی ووڵاتە. کە پشتڕاست کەرەوەی ئەوەیە، منداڵانی ئێرانی کە زمانی دایکیان فارسی نییە کاتێک لە گەڵ زمانی فارسی ڕادێن کە منداڵییان بە خەسار چووبێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوەی کورد هەردەم لە گەڵ هەڵاواردن ڕووبەڕووە، سەرەڕای ئەوەی کوردەکان پشکێکی مەزنیان لە پێشکەوتنی کەلتووری و هونەری ئێران هەبووە، بەڵام بە سەدان جار بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چاپی کتێب، کۆنسێرتەکان، ڕۆژنامە و … لەگەڵ کێشە و گرفت لە ململانێدان و چەنددین جار لە پێگەیەنەرە فەرمی و نافەرمییەکان، زمان و جل و کەلتووری کوردەکانیان داوەتە بەر توانج. لەبواری تەرخان کردنی بووجە بۆ چالاکی لە بوارەکانی کەلتووری و هونەری، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین پشکی لە پلانەکانی تەرخان کردنی بووجەی دەوڵەت هەبووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


