KMMK:
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ۳۰ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی «محەممەد خدر حسێن» ۳۸ساڵ تەمەن و «محەممەد ڕەحمان سلێمان» ۲۷ساڵ تەمەن، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران ـەوە بریندار کران.
بە گوێرەی هەواڵەکە: ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە کاتژمێر ٧:٤٥ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە کاروانێک کۆڵبەر لە سنووری حاجی ئۆمەران، دوو کەس بریندار و بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان لە باشووری کوردستان گوازرانەوە.
بە پێی ووتەی ئەحمەد خەلیل بەرپرسی نەخۆشخانەی چۆمان: «کاتژمێر ۹ی شەوی هەمان ڕۆژ دوو کۆڵبەری برینداری خەڵکی پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەخۆشخانەی چۆمان گوازرانەوە و پاش جێبەجێ کردنی چارەسەری سەرەتایی بە هۆی قووڵی برینەکەیان هەردووکیان بۆ نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر گوزارانەوە.»
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری KMMK لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران، ۷ کۆڵبەر و کاسبکارێک بریندار و کۆڵبەر یان کاسبکارێک کوژراون و بە هەژماری ئەم دوو کەسە، ڕێژەی کۆڵبەرانی بریندار بۆ ٩ کەس بەرز بۆیەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


