سنە/ سێ خوێندکاری زانکۆ قۆڵبەست کران

KMMK:

رۆژی چوارشەمە ۲۵ ــی بەفرانباری ۲۷۱۹کوردی، ” موسلم سڵێمانی” خوێندکاری بەشی بیناسازی و ” زانیار ئەحمەدپوور و ئەرشەد ئەتابەک ” هەرسێک خوێندکاری زانکۆی سنە قۆڵبەست کران.

بە پێی هەواڵەکان: ئەو سێ خوێندکارە سەبارەت بە ناڕەزایی دەربڕینەکان هەمبەر بە لێدانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەوە دەستبەسەر کراون.
ئەمە دووهەم گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سنەیە لە رۆژانی دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئوکراین کە بوو بە هۆی کوژرانی ۱۷۶ کەس.

جێگای ئاماژەیە: لە زانکۆی رازی کرماشانیش گردبوونەوەی هاوشێوە ساز بووە کە دەسبەسەری چەندین خوێندکاری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی چەند کەس لە کوژراوانی ئەو فڕۆکەیەی باس کرا، لە مەهاباد بە خاک سپێردران. لە رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنەکەدا، بنەماڵەی گیان بەختکردوان، ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێچرابوو بە تابووتەکانەوە دڕاندوو نەیانهێشت رۆڵەکانیان بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە خاک بسپێردرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان