پەریسا سەیفی بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر گوشاردایە

KMMK:

هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەریسا سەیفی چالاکی کەلتووری و هونەری ــ یان خستۆتە گوشارەوە و لەمهەوڵی ئەوەدان وا لەم چالاکە کەلتوورییە بکەن دانپێدانانی زۆرملێ و ناڕاست بکات.

پەریسا سەیفی، ۲۱ی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری ســنە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی سنە.

شیاوی باسە کە بنەماڵەی ناوبراو تا ئێستە تەنیا جارێک توانیویانە چاویان بە ناوبراو بکەوێ، لێپرسەران و هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەم چالاکی کەلتوورییەیان ڕاگەیاندووە کە تەنیا لە حاڵەتێکدا مۆڵەتی چاوپێکەوتنیان هەیە کە پەریسا سناریۆ داڕێژراوەکەی ئەوان جێبەجێ بکات و دانی پێدا بنێت.

پەریسا سەیفی لە کاتی دەسبەسەرییەوە تا ئێستە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەو تۆمەتەی نراوەتە پاڵ ناوبراو هاریکاری لە گەڵ حیزبە ئوپوزیسیۆنە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ـە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان