سەرپێڵ زەهاو/ هاووڵاتییەک دوای ئازاد بوون بە شێوەی کاتی سەر لە نوێ بانگهێشت کرایەوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی قەڵاواری سەر بە شاری سەرپێل زەهاو بەناوی «ئاراس کەرەمی کۆری موراد» دوای ئازاد بوون بە شێوەی کاتی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پێی رادەگەیێنن: «دەبێت هەموو حەوتوویەک سەردانی ئەو ئیدارەیە بکات.»

ئاراس کەرەمی لە دوای نارەزاییەکانی مانگی خەزەڵوەر، بە هۆی لە شوێن گەرانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، روو لە وڵاتی تورکیا دەکات و دوواتر لە لایەن ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە.

ئەم هاووڵاتییە جارێکی دیکە بە مەبەستی رۆیشتنە دەرەوە لە ئێران، روو لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و لەوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دوای ئەشکەنجە و لێدان بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاباد لە شاری کرماشان دەگوازرێتەوە. ناوبراو دوای پانزدە رۆژ ڕاگیران رۆژی دووشەممە ٩ی بەفرنبار٢٧١٩ کوردی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لەدوای ئازاد بوون بە شێوەی کاتی؛ دیسانەوە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت دەکرێت و پێی رادەگەیێنن: «دەبێت هەموو حەوتوویەک سەردانی ئەو ئیدارەیە بکات.»

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان