دوو هاووڵاتی پاش دیاری کردنی حوکمەکەیان دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندان کران

KMMK:

ڕۆژی سێشەممە ۳ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی ” شەفیع فەقێ زادە” خەڵکی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە تۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییەکان ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری و ۵ ساڵ زیندان هەڵپەسێراوی بە سەرداسەپێنرا بوو کە پاش ناڕەزایی دەربڕین لە دادگای پێداچوونەوە ساڵێک لە حوکمە تەعزیرییەکەی داشکا و بوو بە ۴ ساڵ ، پاشان دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندان کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو ڕێبەندانی ۲۷۱۷ ی کوردی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، گەنجێکی خەڵکی گوندی میرئاوای شـنۆ بەناوی “سەید ئەیووب مووسەوی” کوڕی سەید جەلال بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی گوازرایەوە بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری نەغەدە.

بە گوێرەی هەواڵەکە ناوبراو گەڵاوێژی ۲۷۱۷ی کوردی بەتۆمەتی هاریکاری حیزبە کوردییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێرانەوە سێ ساڵ و ۶ مانگ زیندانی بۆ دیاری کرابوو.

شیاوی باسە لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو، ئەبووبەکر میناپاک، کورووش عەزیزی، یوسف ئەحمەدی، محەممەد ئەمین قازی و کامیل ئەحمەدی خانلەر بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان گوازراونەتەوە بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان