KMMK:
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو هەواڵی جۆراوجۆر لە پێوەندی لەگەڵ کێکە ژەهراوی کراوەکان بە حەبی گوماناوی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو بووەتەوە، زۆرینەی ئەم کێکانە و مادە خۆراکییەکانی دیکە لە قوتابخانەکان بڵاو کراوەتەوە و قوتابیگەلێکی زۆر پاش خواردنی ئەم مادە خۆراکییانە ژەهراوی و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم بڕوایە دایە بە پێی تەشەنە و کۆنتڕۆڵی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ئۆرگانە چەکداری و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم دیاردەیە شتێک نییە جگە لە بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە تاواناکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بە پێی کوشتاری بەربڵاوی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بوو بە هۆی کوژرانی پتر لە ۵۰۰ کەس و برینداربوونی هەزاران کەس تەنیا لە چەندد ڕۆژدا، ئەم دەسپێشخەرییەی حکوومەتی ئێران هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی و بە ڕۆژەڤ کردنی هەواڵگەلێک کە بۆ ئەوەی کێشە سیاسییەکان لە کۆمەڵگا بە شێوەی کاتی لەبیر بچنەوە.
شیاوی باسە کە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ناڕەزایی دەربڕینی بەربڵاوی خەڵک لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرانبەر بە ڕەوشی ئابووری وسیاسی هاتەئاراوە کە لەگەڵ سەرکوتی خوێناوی حکوومەتی ئێران ڕووبەڕوو بوویەوە، لە زۆرینەی شارەکان حکومەتی نیزامی ڕانەگەیەندراو سەپێنرا ، وهێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو هاوڵاتیانی ناڕازی پتر لە ٥۰۰ کەسیان کوشت.هاوکات سەدان کەس بریندار بوون و ڕێژەیەکی بەرچاویش دەسبەسەر و هەنووکە لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی پێش گرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و شاردنەوەی تاوانەکان ئینتەرنێت و تەلەفوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی نێزیک بە حەوتوویەک بڕاو ڕێگری کرا لە هەرچەشنە پێوەندییەکی مێدیایی .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە مادەیەکی خۆراکی ژەهراوی کراو لە قوتابخانەکان هەوڵێکی دیکەی حکوومەتی ئێرانە بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی خەڵک و پەردەپۆش کردنی ئەو تاوانانەی هاتنە ئاراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
تلگرام
@KMMKKURDISTAN
پەیوەندی/ارتباط
@KMMKADMIN