ئاگاداری ڕێکخراوەی سەوزی چیا: دارەستانەکانی کوردستان لە ئەگەری لە ناو چوون دان

KMMK:

هەینی ۲۲ سەرماوەزی ۲۷۱۹ کوردی، رێکخراوەی سەوزی چیای مەریوان لە ئاگادارییەک دا دڵەڕاوکێی خۆی لە سەر ئەگەری لە ناو چوونی دارەستانەکانی ئەو شارە هێنایە زمان و ڕایگەیاند: گۆڕانی سەرەکی دارەستانەکان لە دارەستانەوە بۆ زەوی‌وزار یەکێک لە گرینگترین هۆکارە مرۆڤییەکانن بۆ خاپوور کردن و لە ناو چوونی دارەستانەکان.

لە بەشێکی تری لەو ئاگادارییە دا، ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بە هەڵکشانی کێش و گەرم بوونی زەوی کردووە و سەرڕاستی کردۆتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو لە ناو چوونانە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری مرۆڤی و کەڵک وەرگرتنی لە ڕادەبەدەر لە سەرچاوە دارستانیەکان.

بەڕێوەبەری چەواشە و ئاکاری نابەرپرسانەی حکومەتی بۆ پاراستنی سەوزایی و دارەستان ڕێگا خۆشکەرە بۆ هەرە زێدەتری لە ناوچوونی ژینگە لە کوردستان.

ڕێکخراوەی سەوزی چیا هەروەها دەسنیشانی کرد کە نابەرپرسیاری کاربەدەستانی ناشارەزا بۆتە هۆی هەرە زۆرتری ئەو وێرانییە و سیستمی ناکارامەی ئیداری لە هەموو بەشەکان، رێگاخۆشکەرە بۆ هەڵکشانی وێرانی زۆرتر لەو بەشە.

پسپۆرانی چالاک لەو بەشە دا بە جاران لەو بوارەوە ئاگادارییان داوە: لە ئەگەری بەردەوامی ئەم شێوازە، لە پەنجا ساڵی داهاتوو دا دارەستانێکمان بۆ نامێنێتەوە.

جێگای سرنجە کە، دارەستانەکانی ناوچەی زاگرۆس ڕووبەڕووی لە ناوچوونیێکی زۆر بوونەتەوەو جێ شوێنی ئەو وێرانکارییە لە سێڵاوی ساڵی پێش سرنج‌ڕاکێش و خاڵێکی ئاشکرا لە ئاسەواری سڕینەوەی دارەستان بوو و ئەگەر پێشی پێنەگیرێت دەتوانێ کارەساتی دڵتەزێنی تریش بخوڵقێنێت.

هەروەها لەو ئاگادارییە دا هاتووە: سەرەڕای زیاد بوونی زانیاری خەڵکی مەریوان لەو بوارەوە، لە ناوچوونی بەربڵاوی دارەستانەکان هەروا بەردەوامە.

سیاسەتی لە ناو بردنی دارەستانەکان وەک خەیانەتێکی ئاشکرا کە لە هەمبەر سەرچاوە نەتەوەییەکانی ئەو خەڵکە بە شێوەیەک بەربڵاوە بەڕێوە دەچێت کە بە ئەستەم ئەتوانرێت شوێنێک بدیترێتەوە کە ئەو سیاسەتە چەواشەیە شوێنەواری خۆی لەسەر دانەنابێت.

جێگای دووپاتکردنەوەیە کە، کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرت و هەواڵ و بڵاوکراوەکانی خۆی دا بە جاران ئاماژەی بە کارەساتی لە ناو چوونی شینایی و دارەستانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بە پێی بەڵگەکانی ئەو ڕێکخراوە ماڤی مرۆڤیە، ڕێکخراوە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی لە ناو چوونی دارەستانەکانن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان