بانە/ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

KMMK:

رۆژی سێ شەمە ۱۹ سەرماوەزی ۲۷۱۹ کوردی، کۆڵبەرێک لە سنووری ناوچەی بانە بە ناو” یادگار ئیسماییلی” بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندار بوو.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات؛ لەکاتێک دا کاروانێکی کۆڵبەر لە خاڵە سنوورییەکان تێدەپەڕین لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە دەسڕێژی گولەیان لێ کراوەو یادگار ڕانی پێکراوەو بەدژواری بریندار بووە.
شایەنی باسە ناوبراو خێزاندارەو دوومنداڵی هەیە. لە ئەنجامدا لەلایەن هاوڕێکانییەوە بەمەبەستی تیمارو چارەسەری گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوشاری بانە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ک م م ک: لەسەرەتای ئەم ساڵی زایینیەوە تا ئێستا بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ۶۳ کۆڵبەر کوژراون و بە ئەژمارکردنی ئەم کۆڵبەرە تا‌ئێستا ۱۲۷ کۆڵبەریش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان