KMMK:
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنه داوای لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان کردووە تا لە هەمبەر ئازادی منداڵەکانیان بڕی ۶۰ ملوێن تمەن وەکوو خەسار بدەن بە دەوڵەت.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو: دادگای حکوومەتی ئێران لە سنە بە بنەماڵەی منداڵانی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایی دەربڕیینەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاگەیاندووە بە بیانووی نوێژەن کردنەوەی بینا دەوڵەتییەکان لە پێناو ئازادی هەر منداڵێک دەبێ ۶۰ ملوێن تمەن پارە بڕژێننە حسێبی دادگای دەوڵەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە چەندد ڕۆژ پێشتریش هەر ئەم سەرچاوەیە ووتی: ڕێژەیەکی بەرچاو لە گەنجانی شاری سنه ــ پتر لە ۵۰۰ کەس ــ لە یاریگای بەناو ۲۲ ی گوڵان وەکوو یەخسیر لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئێران بە جەستەی ڕووتەوە بە بێ خواردن و خواردنەوە چەندد ڕۆژە گمارۆ دراون و ژیانیان لە مەترسیدایە.
بە پێی ئەم باسانە؛ شیمانە دەکرێ هەنووکە حکوومەتی ئێران مەبەستی کەڵک ئاوەژۆیی و باج وەرگرتنی هەیە لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان.
شیاوی باسە کە: ئەم دەسبەسەرکراوانە کە لە ” ئەماکن ” و ” کەلانتەری ” یان زیندانگەلێک لە ژێرناوی ناوندی ” چاکسازی و پەروەردە ” سەربە حکوومەتی ئێران ڕاگیراون کەسانی خوار ۱۸ ساڵن و لە قۆناغەکانی ناوندی و دواناوەندی دەخوێنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان