کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دانپێدانانی تلەفزیۆنی و سناریۆ دووپاتە لەهەمبەر بەلاڕێدا بردنی تێڕوانینی گشتی مەحکووم دەکات

KMMK:

لە گەرماوگەرمی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ناوخۆیی جوگرافیای سیاسی ئێران و کوشت وبڕی بەربڵاوی خەڵکی ناڕازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران، جارێکیتر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سناریۆی دووپاتە و نیشاندانی سواو وبێ هۆی لە پێگەیەنەرە کانی خۆیەوە بڵاو کردەوە کە ڕوخسارەی دژە ئازادی و پڕووکێنەری ڕادەربڕینی جارێکیتر لەم سستەمە پتر لەهەر جار دەرخست.

لە ماوەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئەم دواییانە رێژەیەکی زۆر خەڵک بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراو بریندار و دەسبەسەر کراون بۆ وێنە نووسەر و چالاک «فاتمە داوەند» ە کە پێشووتر سەرنووسەری حەوتوونامەی «پەژواک» بووە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە؛ وەک بڵێی خاتوو فاتمە داوەند لە کاتێکدا بریندار بووە دەسبەسەر کراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا بە هێنانە ئارای سناریۆیەکی ئاشکرا و پواو و دووپاتە هانی دەدەن کە دانپێدانانی تلەفزیۆنی بکات. لەم گرتە فیلمەدا خاتوو داوەند دان بەوەدا دەنێت لە سەفەرێکدا کە بۆ سلێمانی کردوویەتی بەڵێنی هاریکاری بە یەکێک لە حیزبە ئوپوزیسیۆنەکان داوە. سەرنموونی زۆری دانپێدانانی تلەفزیۆنی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی بە سناریۆی پڕوپووچ وەکوو مازیار ئیبراهیمی زانستوانی ناوەکی و سپیدە قولیان چالاکی کرێکاری بۆ هەمووان ئاشنا و قیزەون و ئازار هێنەرە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە توندی ئەم سناریۆ گەڵاڵەکراوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کە دەیهەویست ناڕەزایی دەربڕینی ڕەوای خەڵک پەیوەست بکات بە ڕەوتەکانی دەرەوەی ئێران و بە شێوازێک بجوڵێتەوە وەک بڵێی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایی دەربڕینەی خەڵک جوڵانەوەیەکی هەڵوڵاوی خەڵک نییە بەڵکوو ڕێکار و پلانی نەیاران و ئوپوزیسیۆنی ئێرانە لە دەرەوەی ووڵاتەوەیە مەحکووم دەکات وداوا لە هەموو ڕێخراوە و دامەزراوەکانی مافی مرۆیی و ڕێخراوەکانی پشتیوانی لە ئازادی بلاڤۆکەکان و ڕادەربڕین و هەروەها ڕێخراو نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری هێنانە ئارای بڕیارێکی ڕوون لە هەمبەر کوشت وبڕی بێدەنگی گەلانی وەزاڵەهاتوو لە جوگرافیای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان