رۆژهەڵاتی کوردستان/ بەردەوامی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

KMMK:‌‌

 رێکەوتی ۲۸ی رەزبەری ۲۷۱۹ی کوردی هاوڵاتییەک بەناوی یاسر نوری خەڵکی جوانرۆ سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمی بەسەردا سپێنراو گوازرایەوە بۆ بەندیخانە.

ناوبراو لە چالاکانی ژینگە بووە و بە تۆمەتی هاوکاری سازیە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کرابوو.

لە لایەکی ترەوە هاوڵاتییەک بەناوی مەحەمەد ئەمین خزری خەڵکی پیرانشار و نێرس (پرستار) لە نەخۆشخانەی ورمێ لە مانگی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە کاتی چوونە سەر کار دوای لێدان و ئەشکەنجە، دەستبەسەر دەکرێ و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازرێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە تۆمەتی سەر ناوبراو هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێرانە و تا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ماڵباتی نەبووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان