KMMK:
غەفوور بەرهەم خەڵکی گوندی ئەمیرئاوای سەر بە شاری شــنۆ کە ۱۱ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، حوکمەکەی لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ وەکوو خۆی پەسەند کراوە.
ناوبراو ساڵی ۲۷۱۸ی کوردی بە بێ دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئێران بە تۆمەتی ” هەوڵدان بۆ تێکدانی نەتەوەیی لە ڕێی گردبوونەوە و سازان بۆ تووشبوونی تاوان دژبە ئەمنییەتی ناوخۆیی” ۵ ساڵ حوکمی تەعزیری و بە تۆمەتی ” ڕاگرتن و هەڵگرتنی چەکی ڕێگەپێنەدراو ۵ساڵ زیندانی تەعزیری ولە پێوندی تاوانی ” هاتووچۆی ڕێگەپێنەدراو لە سنوور” ساڵێک زیندان تەعزیڕی مەحکووم کرابوو.
دووشەممە ۱۱ی خەرمانان “وەلی نەسری” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری سنە بە ۶ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
بەپێی ئەو حوکمە سەپێنراوە ناوبراو بە تۆمەتی ” هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەری دەسەڵاتی ئێران” ۵ ساڵ زیندان و لە پێوەندی لە گەڵ تۆمەتی ” هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی” ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
وەلی نەسری ۵۶ ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە گەورەدێی میانڕوود لە بەشی سیروان لە شای سنەیە کە سێ شەممە ۲۸ی ڕەشەممەی ۲۷۱۸ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسهر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ۷ی گوڵانی۲۷۱۹ی کوردی بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ملوێن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
“حەمید بلخکانلوو” هاوڵاتی دانیشتووی ماکـۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دادگای حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری ورمێ بە تۆمەتی” هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران” بەساڵێک حوکم مەحکووم کراوە.
حەمید بلخکانلوو ۲۸ ساڵ تەمەن ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی لەنێزیکی زانکۆی نازلووی ورمێ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕۆژی ۲۵ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ۳۰۰ملوێنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.ناوبراو ساڵی ۲۷۱۷ بە هۆی چالاکی سیاسی و بە تۆمەتگەلی پێوەندیدار بە حیزبە کوردستانییەکان لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان
پەیوەندی
@KMMKADMIN
تێلگرام
@KMMKKURDISTAN