ئاگرتێبەردانی دار قەزوانەکانی کێوی سوڵتان سەر بە گوڵ تەپەی ناوچەی فەیزوڵڵا بەگی سەقز

KMMK:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن کەسانی نەناسیاوەوە ئاگر لە دار قەزوانەکانی کێوی “سوڵتان” کە لەناوبەری گوندەکانی قەڵاکۆن، چاخلوو، عەلی ئاوا و کیسەڵان سەربە ناوچەی فەیزوڵڵا بەگی شاری سەقز هەڵکەوتووە بەردرا و ڕووبەرێکی بەرین لە لەوەڕگە و جاڕ و بەتایبەت دار قەزوانەکان سووتێنرا و تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ دەسپێشخەرییەکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە نەکردووە، ( گرتە ڤیدیۆکە پشتراست کەرەوەی ڕاپۆرتەکەیە).

بە پێی ووتەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمان ” محەممەد حەجاریان” تا ئێستە سەردانی هەموو ئیدارەکانم کردووە(بەتایبەتی ئیدارەی کشتووکاڵی ساحێب وسەقز) کە مەخابن هیچ وڵامیان نەداومەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە سووتانی ئەو دارانە بگیردرێ.

شیاوی باسە کێوی سوڵتان و دارقەزوانەکانی مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و وەکوو میراتێکی کەلتووری ئەو ناوچەیە باڵی کێشاوە بەسەر هەموو دەڤەرەکەدا و سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە هیچ کەس و لایەنێک خاوەندارێتی لێناکەن و زۆربەی ئەو دارانە یان سووتاون یان شکاون و لە ناوچوون بەو حاڵەشەوە قەزوان و بنێشێ خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین دەکات ، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیدار وەکوو ئەوەی بە ئەرکی نەزانن یان هۆشداریان پێنەدابێت ،کەمتەرخەمی دەنوێنن و هەوڵی لەناوچوونیشی دەدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان