کوژران و برینداربوونی سێ کەس بەهۆی تۆپبارانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

KMMK:

ڕۆژی چوارشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۱۹ی کوردی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنوورییەکانی برادۆست و حاجی ئۆمەرانی داوەتە بەر ئاگر باران کە بەو هۆیە کوژران وبرینداربوونی سێ کەسی لێکەوتۆتەوە.

نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی ئێران بە شێوازێکی بەربڵاو ئەو ناوچانەی کردۆتە ئامانج کە لە ئەنجامدا لە گوندی «تەلان»ی سەر بە برادۆست کچێکی ۱۸ ساڵ تەمەن بەناوی «زەیتوون قادر» کوژرا ودوو برای ناوبراو بە ناوەکانی «سیروان قادر ۲۳ ساڵان» و «ئیسمایل قادر ۱٤ ساڵ» بریندار بوون.

شیاوی باسە: هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران گوندەکانی «بەربەزێن، تەلان، بی پووشک، داسنا، دیری» و چەنددین گوندی دیکەی سنووری هەرێمی کوردستانی داوەتە بەر تۆپ، کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە ڕووبەرێکی بەرین لە زەوی و زارە کشتووکاڵی و باخەکان ودارستانەکانی ئەم گوندانە لە ناو چوون و دانیشتوانی ئەم ناوچەیە جگە لە زیانی ماڵی، ئاسایشیان لێ زەوت کراوە و ژیانیان کەوتۆتە مەترسییەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان