KMMK:
سێ شەممە ۱۸ی پووشپەڕ ۲۷۱۹ی کوردی، فەرهاد محەممەدی پارێزەر پلە یەکی دادگا، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی گشتی حیزبی یەکیەتی نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش پێنج مانگ دەستبەسەری و ڕاگیران لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری ســنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
فەرهاد محەممەدی لە سەرەتای بەفرانبارەوە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری سنە لە نێو ماشێنەکەی خۆی دەسبەسەر کــرابوو. ڕایەدارانی حکوومەتی ئێران دەستیان دابوو بە پشکنینی شوێنی کار و ماڵی ناوبراو، کەلووپەلی تایبەتی وەکوو کومپیۆتەر، موبایل، هەندێ لە کتێبەکانی دەستی بەسەردا گیڕابوو.
فەرهاد محەممەدی هاوڕێ لەگەڵ تاقمێک لە ئەندامانی حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی ژینگەپارێز بە ناوەکانی ، ئامانج قوربانی، فازڵ قۆیتاسی، ڕەزا ئەسەدی، هادی کەمانگەر، عیسا فەیزی، ڕاشد مونتەزری، حسێن کەمانگەر، بەختیار کەمانگەر و حیشمەت یاوەری لەو ڕۆژانەدا لە لایە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان