غەرامەی نەختی بەرخۆدەرانی شیلادزێ لە باشووری کوردستان

KMMK:

لە دوای ئەوەی ڕێکەوتی ۲۳ی ژانویەی ۲۰۱۸، فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شاری دیرلووک و بەشی هەیتووتەی بادینان لە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان ۴ کەسی مەدەنی کردە ئامانج و هەر چوار کەسەکە کوژران و هەر وەها پێشتریش بەهۆی بۆردمانی ئەم فڕۆکانەوە خەڵکێکی زۆری کورد کوژراون، خەڵکی ئەم ناوچەیە دژ بەو کردەوەی دەوڵەتی دەستیان دایە ناڕەزایی دەربڕین و وێڕای توڕەیی خەڵک ئەم ناڕەزاییە گرژی لێ کەوتەوە و هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازیێەکانی ئەو دەوڵەتە.

بە پێی هەواڵەکە خەڵکی شیلادزێ ڕۆژی ۲۶ی ژانویەی هەمان ساڵ هەڵیان کوتایە سەر یەکێک لە بارگاکانی دەوڵەتی تورکیا لەو دەڤەرە و لە ئەنجامدا منداڵێک و پیاوێکی بە ساڵاچوو بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژران و هەربۆیە پاش ئەو ڕووداوە حکوومەتی هەرێم هەڵیکوتایە سەر چالاکانی مەدەنی و ۸۰ کەسی دەسبەسەر کرد.

شیاوی باسە بە هۆی گوشاری جەماوەری خەڵکی کوردستان پاش ماوەیەک حکوومەتی هەرێم ناچار بوو بەشێکی زۆر لە دەسبەسەر کراوان ئازاد بکات و هەندێکیشیان بە دانای بارمتە ئازاد کران.

هەر بۆیە ئەوڕۆ ٤ی ژانویە ۱۵ کەس لەو دەسبەسەرکراوانەی ساڵی پار محاکمە کران و بەپێی مادەی دە ژمارە ۱۱ی کەلە ساڵی ۲۰۱۱ پەسەند کرابوو مەحکووم کران؛ و هەر کامیان بە بڕی ۱۰۰ هەزار دیناری عێراقی غەرامەی نەختیان بۆ دیاری کرا لە لایەن دادگاوە، بەڵام ئەو کەسانە لە دادگا ڕایان گەیاندووە کە لە کردەوەی خۆیان پەژیوان نین و بە ڕەوای دەزانن بەرگری لە گیان و ماڵ و نیشتمانی خۆیان بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان