هەورامان / تاڵان کردنی کەلووپەلی کۆڵبەران لە لایەن هێزەکانی سنوورپارێزی ئێرانەوە

KMMK:

سێ شەممە شەوی ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی کەلووپەلی کاروانێک لە کۆڵبەران کە لە سنووری هەورامان لە دەورووبەری تەتە لەکاتی تێپەڕیندا بوون لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تاڵان کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ شەوی سێ شەممە کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووری تەتە کەوتنە بەر پەلاماری هێزە سنوور پارێزەکان،
هێزە سنوور پارێزەکانی حکوومەتی ئێران کۆڵبەرەکانیان دایە بەر دەسڕێژ کە بەختەوەرانە کەسێک خەساری گیانی پێنەگەیشت بەڵام بە پێی ڕاپۆڕتەکە کەلووپەلی ئەم کاروانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تاڵان کران.

شیاوی باسە کە حکوومەتی ئێران بە هێنانە ئارای سیاسەتی نەیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هێنانە ئارای کەشێکی هەڵاواردنانە لەم بەشەی کوردستان کار و دابین کردنی ژیانەی ئاستەم کردووە بە چەشنێ کە قەبارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کورد بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانیان ناچارن لە ناوچە سنووریەکان لە چەڵ باشووری کوردستان دەست بدەنە کۆڵبەری .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان