حکوومەتی تورکیا بەردەوامە لە سڕینەوەی کورد و داگیرکاری/ گۆڕی شەرەفخانی بەدلیسی وێران کرا

 KMMK:

حکوومەتی تورکیا لە دواین هەوڵە شەرخوازیەکان و سڕینەوەی گەلی کورد، دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی شاری بەدلیس دەستی کردووە بە لابردنی تابلۆ کوردیەکان و هاوکات گۆری شەرەفخانی بەدلیسی گەورە نوسەرە، سیاسەتمەدار و مێژوونووسی کوردی وێران کردووە.

شەرەفخانی بەدلیسی لە ساڵانی ۱۵۴۳ بۆ ۱۶۰۳ی زایینی ژیاوە، سەر بە بنەماڵەی میرانی بەدلیس بووە و بۆ خۆیشی ماوەیەك میری بەدلیس بووە، نووسەر و مێژوونووسی دیاری كورد بووە و یەكێك لە گرنگترین و دیارترین ڕۆشنبیرەكانی سەردەمی خۆی بووە.

ئاكەپە لە چوارچێوەی پاكتاوی گەلی کورد، چالاکی باخچەكانی ساوایان و كاروبارەكانی بواری كولتوری و ڕۆشنبیریی كوردیی قەدەغە كردوە.

 تابلۆی شارەوانیی بەدلیس، كە بە كوردی و توركی لە سەردەمی شارەوانیی دەبەپەدا لە بەردەم بینای شارەوانیی بەدلیس دانرابوو بە فەرمانی نەسروڵا تانگلای سەرۆك شارەوانی ئاكەپە، كە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هەڵبژێردرابوو لابراوە.

 هەروەها تانگلای سەرۆك شارەوانیی ئاكەپە، دوای ماوەیەك لە دەستبەكاربوونی ئەو تابلۆیەی لابرد، كە دەروازەی شاری بەدلیس دانرابوو و بە كوردی، توركی و ئینگلیزی لەسەری نووسرابوو «بەخێر بێن بۆ بەدلیس». قەدەغەكردنی زمان و كولتوری كوردی و بەهاكانی گەلی كورد لە کاتی ئێستا دا بە بەرنامەیەكی ورد و چڕوپڕ بەڕێوەدەچن.

 لە زۆربەی شارەكانی باكوری كوردستان خوێندنگە كوردییەكان، مۆنۆمێنتەكان بۆ یادەكانی پەیوەندیدار بە كوردەوە، پەیكەری كەسایەتییەكان، تابلۆ كوردییەكان و ڕێكخراوە كوردییەكان قەدەغەكران و تەنانەت نكوڵیشیان لە بوونی گەلی كورد و كوردستان دەکرێت.

 کۆمەڵەی مافی مارۆڤی کوردستان