دەرکردنی سزای دوو ساڵ بەندکردن بۆ هونەرمەند پەیمان میرزازادە

KMMK:

دوو شەممە ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، پەیمان میرزازادە هونەرمەندی خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی راپۆرتەکە: ناوبراو لە دوو حەوتوی پێشودا لە لایەن بەشی ۱۱۰ی دادگەی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ و لە دۆسیەیەکی نوێدا بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت) سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ئەمڕۆ دووشەممە ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی سزای دەرکراوە بە ناوبراو راگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە: پەیمان میرزازادە لە بڕواری ۱۱ی رەشەمێی ساڵی پێشوودا سزای دوو ساڵ بەندکردن و قەدەغە کردنی گۆرانی وتنەوەی ناوبراو بۆ تاهەتایی بەسەریدا سەپێندرا و پاشان ئەو حوکمە بەکەڵک وەرگرتن لە یاسای دژایەتی نەکردن و تەسلیم بوون بە سزای دەرکراو، کەم کرایەوە بۆ ۱ ساڵ و ۸ مانگ و بە کۆی گشتی سزاکانی سەپەێندراو بەسەر ناوبراودا دەکاتە ۳ ساڵ و ۸ مانگ بەند کردن.

هەروەها ئەم هونەرمەندە لە بڕواری ۲۷ی رێبەندانی ۲۷۱۷ی کوردیدا بە تۆمەتی وتنی گۆرانی شۆڕشگێڕانە سزای ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوبوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان