حکومەت بومەلەرزەلێدراوانی کوردستانی لەبیر کردووە/ هاوڵاتیان بە هۆیی نەداریەوە ئەندامی لەشی خۆیان دەفرۆشن

KMMK:
دوای تێپەڕبوونی بوونی ماوەیەکی زۆر بە سەر بومەلەرزەی کرماشان، لورستان و ئیلام لە رۆژھەڵاتی کوردستان، هاووڵاتییان هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێنەدراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست پشت گوێیان دەخات.
دوایی تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر حکومەت هێشتا خانووبەرەی خەڵکی چاک نەکردۆتەوە و لە بواری خزمەتگوزاری هیچ یارمەتیەکی پێشکەش بە هاووڵاتییان نەکردووە.
لە ئاکامی سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێ خستنی شارومەندان، خەڵکی بومەلەرزەلێدراو ناچار بوون ئەندامی لەشی خۆیان بفرۆشن، بە شێوازێک کە ئێستاکە دەتوانرێ ئاگادارییەکان بۆ فرۆشتنی گورچیلە و ئەندامانی تری جەستە لەسەر شەقامەکان ببینرێت.
جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ۲۷۱۷ی کورد تا ئێستا پڕوپاگەندا دەکەن کە چاک کردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە هاووڵاتییان پێشکەش دەکرێت، بەڵام هەر بە لایەن خۆیانەوە رەت دەکرێتەوە.
لە چاککردنەوەی شوێنە وێران بووەکانیش، بەجێگەی ئەوەی کە ماڵ و خانووی خەڵک چاک بکەنەوە، سەرەتا مزگەوت، حۆسینیە و شوێنە ئەمنی و نیزامیەکانیان نوێژن کردۆتەوە.
دوای تێپەر بوونی دو ساڵ هێشتا بومەلەرزەلێدراوانی کرماشان، لورستان و ئیلام ئاوی خاوێنیان نییە بۆ خواردنەوە و هەروەها لە بواری بێهداشت هیچ خزمەتگوزاریەک نەدراوە پێیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان