KMMK:
گیان وژیانی بەرزان محەممەدی زیندانی سیاسی ٤۱ساڵ تەمەن و خەڵکی سەوڵاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوویەمین مانگی مانگرتن لە خواردن لەژێر هەڕەشەی مردن دایە.
بەرزان محەممەدی کە هەنووکە لە زیندانی حکومەتی ئێران لە فشافویەی تاران دایە لە ڕۆژی ۲۳ی ڕەشەمەی ۲۷۱۸ی کوردییەوە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە «جوێ نەکردنەوەی زیندانییەکان بە پێی سزاکانیان و ڕانەگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی ئێڤین» دەستی داوەتە مانگرتن.
بەپێی وتەکانی یەکێک لە کەسە نێزیکەکانی ناوبراو؛ محەممەدی تا ئێستە ۲۲ کیلۆ کێشی دابەزیووە و هەنووکە ۵۱ کیلۆ کێشی هەیە وپەستانی خۆینیشی ۷ لەسەر پێنجە.
بەو پێیەی ڕۆژی ۲۱ی گوڵانی ئەمساڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی لە نامەیەکدا داویان لە بەرزان محەممەدی کرد تا کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ بەڵام ناوبراو ڕایگەیاند تا نگەیشتن بە داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتن دەدات.
بەرزان محەممەدی لە ڕەوەتی ناڕەزاییە سەراسەرییەکانی گەلاوێژی ٢٧١٧کوردی بە بۆنەی چالاکی لە دنیای مجازی دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە دادگا بەتۆمەتی «پێکهێنانی گردبوونەوە و سازان بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات» بە ۶ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
دادگای پێداچوونەوە بەرزان محەممەدی لە ڕێکەوتی شەشی ڕەشەمەی ٢٧١٨ کوردی بەڕێوە چوو و لە ئەنجامدا ناوبراو بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان