سۆنیا دێهقان خەسارێکی تری کۆمەڵگای پیاوسالار

KMMK:

لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی بەفرانباری 2720 کوردی، سۆنیا(فریشتە) دێهقان، لە لایان براکەی و کوڕی مامی خۆی، سامان و هێدی دێهقان کوژرا. سۆنیا خەڵکی نەڵاسی سەر بە شاری سەردەشت و هەر لەوێش بە خاک سپێردرا.

بەهار عەباسی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ماڤی ژنان لە وتوووێژێک لە تەک “کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان” لەو بارەوە ئاوا دوا :

” سۆنیا دێهقان، لە دایک بووی ساڵی 2698ی کوردی، لە تەمەنی منداڵی زەماوەند دەکات و دوای 6 ساڵ بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی جیا دەبێتەوە و دەگەڵ منداڵەکەی دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی لە شاری سەردەشت و لەوێ نیشتەجێ دەبێ.
سۆنیا دوای گەڕانەوەی بە هۆی نەبوونی و بێکاری دەکەوێتە بارودۆخێکی سەخت و دوای دۆزینەوەی ئیشێک لە “ئارایشگایەکی ژنان” دەسبەکار دەکاو خەرجی ژیان دەگریتە ئەستۆی خۆی.
چوونە سەرکاری سۆنیا دەبێتە هۆی ناڕەزایی براکە و ئامۆزاکەی و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێ.

بەهار عەباسی هەر وەها ئاماژەی بەوە کرد:
“لە ئەنجام دا لە ڕێکەوتی 25 سەرماوەزی ئەم ساڵ دا سۆنیا لە کاتێک دا کە سەرقاڵی کار لەو شوێنە بووە، لە لایان براکەی و ئامۆزاکەی بەزۆری دەگرترێ و ڕاکێشی دەرەوەی شار دەکرێ و لەوێ بە زەربی ئەشکەنجە و لێدانی چەقۆ دەکوژرێ”ٚ.
ئەو دوو کەسە دوای کوشتنی سۆنیا، تەرمەکەی لە زەوییەکی کشت و کاڵی نیزیک وێ دەشارنەوە.

(دایک و بابی سۆنیا کە ساڵانێک پێش بە هۆی ئاڵوودە بوونی باوکی سۆنیا بە ماددە هۆشبەرەکان لێک جیاببوونەوە و باوکی لە ئێستا دا لە زیندان دایە).

به ووتەی ئەو چالاکەی بواری ماڤی ژنان: ” دایکی سۆنیا دوای بێ خەبەری لە کچەکەی دەچێتە لای پۆلیس و دیارنەمانی کچەکەی ڕادەگەیەنێ”.

دوای لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوون، براکەیی و ئامۆزاکەی لە لایان “ادارە آگاهی”حکومەت لە شاری سەردەشت دەسبەسەر دەکرێن.
ئەو دوو کەسە لە لێپێچینەوەدا، دان بە کوشتی سۆنیا دادەنێن و پزیشکی یاسایش هۆکاری کوژرانی سۆنیا بۆ بەرکەوتنی بەجارانی چەقۆ دەگەڕێنێتەوە.
ئەو چالاکە هەروەها ڕایگەیاند:” ئاماری خۆکوژی و قەتڵی نامووسی زیادی کردووە و بە هۆی وایرۆسی کوڕۆنا و مانەوەی زیاتری پیاوان لە ماڵەوە و بارودۆخی ئابووری خراپ، تووندوتیژی دژی بە ژنانیش ڕووی لە زیاد بوون بووە و بێکاری و هەژاری ش شۆنەواری خۆی لە هەڵکشانی ئەو تووندوتیژیانە داناوە و کوشتنی ژنان ڕووی لە زیاد بوون کردووە”.

لە لایان یاسا شەوە، لە ئێستا دا هیچ پشتیوانییەک لە ژنان ناکردرێ و لە بواری پەروەردە وەش هیچ هەنگاوێک بۆ بەرگری و کەم کردنەوەی ئەو خەسارانە نانێندرێتەوە.
ئەوچالاکە هەروەها وەبیری هێنایەوە: ” کێشەی کوشتن بە هۆی نامووسەوە تەنیا هەر دیاردەیەکی تایبەت بە کوردستان نییە و لە هەموو دنیا بوونی هەیە، لە ڕاستی دا باس لە سەر کۆنترۆڵی سکسوالیتەی ژنانە، ژنان لە بواری جنسی سەقەت دەکرێن، جەستەیان کۆنتڕۆڵ دەکرێ و بە بیانووی نامووس دەکوژرێن و بە پێی یاسا هیچ پیاوێک سزانادرێ و پیاوان بە پشت بستن بەو پشتیوانییە ژنان دەکوژن و لە کاتی دەسبەسەر کردنیش دا هۆکارەکە بۆ زەختی کۆمەڵگا لە سەر خۆیان دەگەڕێننەوە، واتا بەجۆرێک کۆمەڵگاش پشتیوانی ئەم جۆرە خەسارلێکەوتنانەوەیە”.

ئەوچالاکوانە، هەر وەها ئاماژەی بەوەش کرد کە “کوژران بە هۆی نامۆس” بەڕادەی پێویست لە لایان چالاکوانانی مەدەنی و ژنان کاری بۆ نەکراوە و پێویست بە چالاکی و کاری زۆرترە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان