مه‌ریوان/ پێشگرتن لە كۆبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ كوشتنی ژنان و ده‌ست به‌سه‌ر كردنی چه‌ند چالاكێكی کۆمەڵایەتی

KMMK:

پێنج شه‌ممه‌ ٢٦ی گوڵانی ٢٧١٩ی كورد، به‌ پێی داواكاری چالاکانی کۆمەڵایەی (مدنی) شاری مەریوان بڕیار بوو کە لە کۆبونەوەیەکی ناڕزایەتی لە گۆڕستانی گوندی کۆڵان، کۆبونەوەیەک رێک بخرێت و کوشتنی ژنان ئیدانە بکرێت، بەڵام ئەم کۆبونەوەیە لە لایەن حکومەتەوە بەری پێ گیرا.

بە پێی راپۆرتەکە: ئەم کۆبونەوەیە بڕیار بوو لە گۆڕستای گوندی کۆڵان لە سەر گۆڕی کچێکی ئەو گوندە کە لەم حەوتوەدا لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرابوو بەڕێوە بڕوات، بەڵام هێزەکانی ئینتزامی و ئەمنیەتی پێشیان بە بەڕێوە چوونی ئەم کۆبونەوەیە گرت.

بە وتەی چالاکێکی کۆمەڵایەتی بەشدار بوو: «بە پێش گرتن و ئمنیەتی کردنی ئەم کۆبونەوەیە لە لایەن هێز ئەمنیەتیەکانەوە لە گوندی کۆڵان، خەڵک و چالاکانی کۆمەڵایەتی بەرەو گۆڕستانی بەهەشتی موحەمەدی (گۆڕستانی موستەفا) رۆیشتن و کۆبونەوەکەیان لەوێ بەڕێوە برد ولە کۆتاییدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.»

ئەم چالاکە کۆمەڵایەتییە پاشان وتی: «چە ند کەس لە چالاکانی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان وەک دیمەن فەتحی، سومەیە رۆزبە، موژدە مەردووخی، هێمن کانی سانانی، حەمید قوبادی، کەویار خویشکار، موحەمەد دانش و چەندین چالاکی تر کە ناسناویان دیار نییە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەست بەسەر کراون.»

جێگای ئاماژەیە کە: دیمەن فەتحی لە چالاکانی بواری ژینگە و هەروەها موحەمەد دانش لە چالاکانی کۆمەڵایەتی شاری مەریوان پێشتر بە هۆی چالاکیەکانیانەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەو چەندین جار دەست بەسەر کراون.

ئەمساڵ کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە زۆربوون کردووە و ئەو دیاردەیە بوەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی چالاکانی کۆمەڵایەتی بە شێوازگەلی تایبەت ئەم نارەزایەتیانە بەرانبەر بە توند و تیژی لە لایەن پیاوانەوە و کلتوری پیاو سالاری سەردەست لە کۆمەڵگا و یاساگەلی دژ بە ژنان و ئیدانە دەکرێت.

بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ژمێریاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹ی زایینیەوە تائێستە ۲۲ ژن لە رێگای خۆکوشتن و سێ کچ بەدەستی بنەماڵەکانیان و دوو ژن بەدستی کەسانی نەناسراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان