KMMK:
ماوەیەکە کە کەسانێکی نەناسراو لە شەودا هەڵدەکوتنە سەر دار و نەمامەکانی پارکی شاهۆ لە شاری مەهاباد و دەیان بڕن وئەمجارەیش چەنددین داریان لە کەنارە دارستانییەکانی بەنداوی مەهاباد بڕیووە و قەڵاچۆیان کردوون وبە پێی ڕای خەڵکی ناوچەکە دەستی ڕەشی لایەنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێوە دیارە کە ساڵانێکە بۆ لەناو بردنی سرووشت و ژینگەی کوردستان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن.
وەک دەزانرێ هەبوونی پارک وشوێنی سەوزایی بۆ دانیشتوانی شارەکان لەهەموو جیهان یاسایی وحاشا هەڵنەگرە و لە ئێرانیش بۆ هەر تاکێک پتر لە ۱۵ مەتر لە بەرچاو گیراوە، بەڵام لەناوچە هەژارنشینەکانی شارەکوردییەکان و بەتایبەت شاری ورمێ بە تایبەت لەگەڕەکەکانی پەرتەوازەی وەکوو «ئیسلام ئاوا»، «کوشتارگە و بادەکی» ئەو ناوچە هەژار نشینانە کە ڕێژەی منداڵەکانیان پترە لە ناوچەکانی دیکە و لەبوونی شوێنی سەوز و پارک و یاریگە بێبەش کراون و بەرپرسان هەردەم وادە و بەڵێنی ناڕاست دەدەن و لە کۆتاییدا سەرۆک شارەوانی ڕایدەگەیەنێ کە لەگەڵ کەمبوونی بووجە ڕووبەڕووین بەم هۆیەوە پشت گوێی دەخەن. ووەک دەبینین لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شارەوانی تەنانەت لە پێدانی مووچەی کرێکارانی خۆی دەبوێرێ.
شیاوی باسە کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هەوڵی ئاوەدان کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادات بەڵکوو لە ڕێی دامەزراوە ئەمنی و سەربازیەکانییەوە میلیتاریزەی دەکات و لەلایەکی ترەوە لەڕێی دامەزراوە بەناو خزمەتگوزارییەکانییەوە ژینگە و سرووشتی کوردستان نەک تەنیا ناپارێزێ بەڵکوو لەناویشی دەبات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان