سنه /قۆڵبەست کردن و گوشار بۆ سەر کرێکاران لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا

KMMK:

ڕۆژی پێنج شەممە ۱۲ی گوڵانی ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی هاوکات لە گەڵ ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە سنە بە ناوی زانیار دەباغیان، لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناوەندی دادگایی لە شاری سنە بانگهێشت دەکرێت و بۆ جێ بەجێ کردن و داسەپاندنی بریاری ۱ ساڵ زیندانی کردنی گوازرایەوە بۆ زیندانێک لەم شارە.

ئەم چالاکە کرێکارە رێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە بە تۆمەتی ((پڕوپاگاندا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەندام بونی لە یەکێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران)) بە یەک ساڵ زیندانی کردن سزا درابوو.

لە لاێکی تر شارومەندێکی تری شاری سنە بە ناوی «سامان قادر نژاد» لە سەرو بەندی کۆرێک لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران دا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر دەکرێت و پاش چەند کاتژمێر لە لێپێچینەوە و دەست بە سەر داگرتنی دوو موبایلی، ئازاد دەکرێت.

هەروەها هێزە ئەمنیە کان هێرش دەبەنە سەر ماڵی دو کەس لە چالاکانی کرێکاری بە ناوەکانی «فواد زەندی و خەبات شەکیبا» بەڵام ئەم دوو کەسە لە کاتی هێرشەکە لە ماڵەوە نەبوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان