پۆلیسی تورکیا هێرشی کردە سەر پارلمانتارانی کورد

KMMK:
ئەمرۆ پێنج شەممە ۱۸ ئاپڕیلی ۲۰۱۹ پۆلیسی حکومەتی تورکیا هێرشی کردە سەر چالاکی کوردان لە ئامەد، لەو هێرشە دا، پۆلیسی تورکیا بە توندی پەرلەمانتار رەمزییە تۆسون بە زەویدا دەدات و لێیدەدات و بەوهۆیەوە ناوبراو بوراوەتەوە. هەروەها موسا فاریس ئۆگیولاری-یش هێرشی کراوەتە سەر و لێیدراوە و چاوى بریندارکراوە.

هەدەپە لە ڕاگەیاندنێک لەم بارەوە دەنووسێت: “لە هێرشی پۆلیسەکاندا، پەرلەمانتارانمان کرانە ئامانج و بە مەبەستى کوشتن پەلاماریان دان و لێیاندان. کاتێکش پەرلەمانتارمان رەمزییە تۆسون لەسەر قەرەوێڵە دەگوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن پۆلیسەکانەوە هێرشی کرایەوە سەر. لەبارەى ئەو پۆلیسانەوە کە بە مەبەست و بە قەستى کوشتن هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارەکانمان، رێوشوێنى یاسایى دەگرینەبەر و سکاڵا تۆمار دەکەین. چاودێریى پرۆسەى سزدان و یاسایى و ئیداریى ئەو دۆسیەیە دەکەین”.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامەد ماوەى ٣ ساڵە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە و هەندێک لە هێزەکانى دەوڵەت لە ئامەد وەک چەتەکان، کە هیچ یاسا و حقوق و پێوەرێکیان نییە دەجوڵێنەوە.
لە راگەیاندراوکەدا رۆڵی وەزارەتى ناوخۆ لەو هێرشەدا دەستنیشانکراوە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، هێزەکانى سەر بەو وەزارەتە ئەو هێرشانەیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و ئیرادەى هاووڵاتییان و نوێنەرەکانیان.
هەدەپە باسی ئەوەشیکردووە “دەسەڵاتى سیاسی ئیرەیى بە هەموو جۆرە چالاکییەکى دیموکراتیک دەبات. جارێکیتر لە ئامەد ئەوە سەلمێنرا، کە گەمارۆی دەسەڵاتى سیاسی، رەفتار و هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانیان و سیاسەتەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەى رەق و نفرەت و دنەدانى دووبەرەکی هیچ ئەنجامێکى نەبووە و ئەنجامیشى نابێت”.
دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا وتویەتى “دەبێت ئەوە بە باشی بزانرێت، کە سەرباری هەموو سیاسەتەکانى گوشار و هەوڵەکانى تێکشکاندن، ئێمە و پەرلەمانتارەکانمان بە پشتبەستن بە خۆمان درێژە بەو بەرخودانە رەوا و شکۆمەندایە دەدەین. بۆ ئەوەى کۆتایى بە ناڕەوایییەکان و ناڕەوایى گۆشەگیریى بهێنرێت و بۆ بەردەوامیى ژیان ئێمە هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک پێشکەش دەکەین و لە پێناوەشەدا هەموو هەوڵێک دەدەین”.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: