دۆخی كرێكارانی رستن و چنینی كرێپ نازی كرماشان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە\ گردبوونەوەی ناڕەزایی شۆفێرانی تاكسی لە سەقز

KMMK:
كارگەی رستن و چنینی كرێپ نازی كرماشان كە لە كۆتایی ساڵی 2718 لە زیادكردنێكی ئاشكرادا رادەستی دوو كەس كراوە، دۆخی كرێكارەكانی و پرسی بژێویان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی رۆژی یەكشەممە 25 ی خاكەلێوە بڵاوكراونەتەوە، ئەو كارگەیە، تا بەر لە ساڵی ئەمساڵ، 11 جار خراوەتە زیادكردنی ئاشكراوە و بە هۆی كەڵەكەبوونی باجێكی زۆری داراییەوە لەسەر بانك، داخراوە و هیچ كەسێك لە هەوڵی چارەسەركردنی گیر و گرفتەكانیدا نییە.

کرێپ نازی کرماشان


پەیوەندیدار بەم پرسە، سەرۆكی دامەزراوەی پیشەسازی، كانگاكان و بازرگانی حكومەتی ئێران لە پارێزگای كرماشان، بە ئاماژەدان بە پێشینەی گواستنەوەی بەشێك لە پیشەسازیەكانی كرماشان لەوانە كارگەی “كشمیر” و ” فەرشی و رستن و چنینی غەرب” وتویەتی: ئەو یەكە پیشەسازیانەی داخراون و هیچ بەرهەمێكیان نەماوە”، ئەو بەرپرسە حكومیە بە دوریشی نەزانیوە لە ئەگەری بەهەڵپەسێردراوی مانەوەی چارەنوسی كارگەی رستن و چنینی كرێپ نازی كرماشان، ئامێرەكانی بگوازرێنەوە بۆ پارێزگاكانی تر.
داخرانی ئەو یەكە پیشەسازیانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتێكدایە كە زۆرترین توانست و توانای گەشەپێدان لەو ناوچەیەی كوردستان بوونی هەیە، بەڵام كاربەدەستانی حكومەتی ئێران بە شێوەی بەرنامەبۆداڕێژراو، خوازیاری چوونەدەرەوەی سامان و هێزی كارن لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە هەوڵدان كۆمەڵگای كوردستان لە هەژاری و ناخۆبژێویدا بهێڵنەوە.
لە راپۆرتێكی تردا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 28 ی خاكەلێوەی 2719 بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، ژمارەیەك لە شۆفێرانی تاكسی تەلەفونی لە شاری سەقز، وەك ناڕەزایەتیەك بەرامبەر بە كەوتنە كاری سیستەمی تاكسی ئینتەرنێتی ماكسیم، لەبەردەم بینای شارەوانی ئەو شارە گردبوونەوە.

تاکسیرانانی سەقز


ئەو شۆفێرتاكسیانە خستنەكاری سیستەمی تاكسی ئینتەرنێتی ماكسیم بە دەستدرێژی و دەستوەردان لە كارو چالاكیەكانی خۆیان ناودێر دەكەن.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان