٧ بەندکراو و یەک چالاکوانی کورد تائێستە دژ بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان گیانیان لە دەست داوە

KMMK:

لەڕێکەتی ۲۰ ی فێبریەی ۲۰۱۸ ی زاینییەوە تا ئێستە ٧بەندکراو و یەک چالاکوانی کورد دژ بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان گیانیان بەخت کردووە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کەوتوون ٧ چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد لە زیندانەکانی وڵاتی تورکیا لە باکووری کوردستان لەمەڕ گۆشەگیری و گوشاری سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەناوەکانی ماحسووم پامای تەمەن ۲۲ ساڵ لە گرووپی «ت» زیندانی خارپێت لە باکووری کوردستان، سێراچ یوکسێک لە زیندانی عوسمانییە، یونجا ئاکجی لە زیندانی گرووپی «ت» زیندانی ژنانی شاکران، زولکوف گەزەن لە زیندانی تەکیرداغ، ئایتێن بچت لە زیندانی گەبزە کوجالی، زارا ساغڵەم لە زیندانی ئولتووی ئەرزەڕووم و مێدیا چنار لە گرووپی «ئی» زیندانی مێردین و هەروەها چالاکوانی کورد ئوغوور شاکار یەکی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی لە بەرانبەر دادگای کرفیلدی ئاڵمان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وگیانی بەخت کرد.

شیاوی باسە لەمەڕ ئەو گۆشەگیریەی خراوەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەسەدان کەس لە زیندانەکانی تورکیا و بەدەیان کەس لە ئەورووپا و لە زیندانەکانی ئێران وهەروەها چالاکانی مەدەنی وسیاسی لە باشووری کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. دەسپێکی ئەم مانگرتنانە لەلایەن ژنە پەڕلەمانتاری کورد لەیلا گۆڤەن لە ڕێکەوتی ۲٤ی ژوئییەی ۲۰۱۸ هاتە ئاراوە وتا ئێستە بەردەوامە.

ئەو بابەتە پێویستی بە ئاشکرا کردنە و بەداخەوە زۆربەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بەرگری لە ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و ئەمنسیتی خۆیان گێل دەکەن لەو کارەسات وپێشێلکاریانەی لە زیندانەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەرانبەر بە زیندانیانی سیاسی بەڕێوە دەچێ.
وەکوو دەزانرێ زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاخنراوە لە چالاکانی مەدەنی وسیاسی و ڕۆژنامەوان و هەموو تاوانی ئەم کەسانە بەرگری لە ناسنامە و زمان و نەتەوەی خۆیانە، ئەو نەتەوەیەی کە ساڵانێکە حاشا لەهەبوون وناسنامەی دەکرێ و زۆرترین هەوڵ دراوە کەلتوور و زمانی بسڕدرێتەوە و ئەم نکۆڵی کردنە وای کردووە کە زۆربەی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان کە پتر لە ۲۵ ملوێن هاوڵاتی کورد لەو وڵاتە دەژین توانای قسەکردن بە زمانی دایکیان نییە و ئاسمیلەکراون.
لەبەرچاوترین ئەشکەنجەکانی دەوڵەتی تورکیا، زیندانی درێژ ماوە و تاهەتایی، حاشاکردن لە نەتەوەی خۆ و دەربڕینی دەستەواژەی «من تورکم» خوێندنی سردووی نەتەوەیی تورک، ڕووت کردنەوەی بەکۆمەڵی کەسەکان، دەسدرێژی سێکسی بۆسەر خۆیان و کەس وکاریان لەپێش چاویان، دەسدرێژی سێکسی بە دار وباتۆم و هەموو ڕێگەکانی تەسلیمیەت کردن و تێکشکانی ئیرادەیان تا ئاستێکە مرۆڤی زیندانی کراو هیچ ڕێگەیەکی لەبەردەم نامێنێتەوە و ناچار دەبێ دژ بەو هۆڤیەت و فاشیزم و ڕەگەز پەرەستییە و ئەو بێدەنگیی و کپ وکەڕیەی جیهانی داگرتووە بوەستێتەوە. سیاسەتی گۆشەگیرکردن و تێکشکاندنی ئیرادەی مرۆڤی ئازادیخواز یەکێک لەسیاسەتە هەرە قرێژەکانی دەوڵەتی تورکیایە و هەر لەسەر ئەم ڕێچکەیە چەنددین ساڵە مۆڵەت بە پارێزەران و کەس وکاری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نەدراوە چاویان پێبکەوێ و سەرەڕای هەڵگرتنی هەموو ڕێگاکانی ئاشتیخوازانە لەلایەن ناوبراوەوە و هەروەها گەلی کوردەوە هەمدیسان هیچ دەرنجامێک وەچنگ نەکەوت و هەربۆیە مانگرتنی سەرەتاسەری کوردستانیان لەهەموو جیهانەوە بە پێشەنگایەتی لەیلا گۆڤەن دەستی پێکرد و پێی نایە نێو پێنج مانگەوە و تا ئێستەیش ۸ کەس گیانیان لە دەست داوە و ڕەوشتی سڵامەتی زۆرینەی چالاکوانان ناجێگیرە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان