KMMK:
چوارشەممە چواردەی خاکەلێوەی ۲۷۱۹کوردی، لەڤیدیۆیکەدا کە لەلایەن ڕاپۆرتنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوا گەیشتووتە دەستی KMMK، شوێنی دێپۆی زبڵ و خاشاکی شاری مەریوان دوای باران بارینەی ئەم دواییە دەبینێرێت کە؛ ئاوی باران تێکڵاوی زبڵەکان دەبێت و دەڕواتە ڕووباری گردەڵانەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، بەرپرسانی شارەوانی مەریوان بۆ ئەوی لە کاتی بارینی باران ئاوی باریو بەسەر زبڵ و خاشاکەکەدا نەڕواتە ڕووباری گردەڵانەوە، لەپێش شوێنی دێپۆی زبڵ، حەوزێک دروست دەکەن تا ئاوەکە لەوێ کۆ ببێتەوە و نەڕواتە ڕووبارەکەوە. بەڵام بە هۆی بچوکی حەوزەکەوە ئاوی بارانی تێکڵ بە زبڵ دەڕژێتە ڕووبارەکەوە.
شیاوی باسە خەڵکی گوندەکانی گوێزە کوێرە، وەسنە، دەری، نشکاش و کەڵەوێنجە ئاوی ئەم ڕووبارە بەکاردەهێنێن و پاییزی ساڵی هەتاوی ڕابردوو بە بەرپرسانیان ڕاگەیاندبوو کە کاتی بارینی باران وەها کێشەیەک دێیتە پێشەوە و ئاوی زبڵەکان تێکڵاوی ڕووبارەکە دەبێت. هەرچەند خەڵک ناڕەزاییەتیان دەربڕی بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هێرش کرایە سەر ناڕازییان و چەند کەسیان دەسبەسەر کرد.
دێپۆکردن و چاڵکردنی پاشماوەی زبڵەکانی شاری مەریوان هەڵکەوتووە لە نزیک پردی گاران، و مەودای ئەم شوێنە لە جادەی سەرەکیی مەریوان_سەقز ٢٠٠ مێترە و هەروەها ٣٠٠ مێتر لە ڕووباری “گەردەڵان” دوورە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان