KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ساڵی نوێی کوردی و هاتنی نەورۆز لە گەلی کوردستان و هەموو گەلان پیرۆز دەکات و ئاواتەخوازە، ساڵی نوێ، ساڵی یەکگرتوویی گەلی کوردستان بێت و هەموومان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، بەرەو ئازادی هەنگاو بنێین.
لە سالی ۲۷۱۸ دا، لە جوگرافیای کوردستان روداوی زۆر هاتنە ئاراوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد ژیانێکی زۆر دژوار و ناخۆشی دەرباز کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بە لەسێدارەدانی گەنجانی کورد، تیرۆرکردنی چالاکانی کورد، زیندان، ئەشکەنجە، کوشتاری کۆڵبەران و هتد، رۆژھەڵاتی کوردستانی وەک زیندانێکی گەورە لێکردووە.
لە باکووری کوردستان، حکومەتی تورکیا هەر وەک مێژووی دەیان ساڵەی سیاسەتی کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان بەرێوە دەبات و بە هەزاران چالاکی سیاسی لە زیندان کردووە.
لە باشووری کوردستان، وێرای ئەوەی کە دەرفەتی باش هەبوو بۆ باشترکردنی حوکمرانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەل، بەڵام بەشێک لە ناوچە کوردستانیەکان لە ژێر دەسەڵاتی کورد دەرچوو و گەلی کورد لەو شوێنانە روبەروی توندو تیژی بۆتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ۲۷۱۸ دا، گەلی رۆژئاوای کوردستان توانی کۆتایی بە حکومەتی ئیسلامی داعش بێنێت و بە بەرخۆدان و فیداکاری خۆیان، جیهان سەرسام بکەن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوشێوەیە لە هەموو کوردستان، بۆمان دەردەکەوێت کە هێش و ئازاری کورد لە هەر شوێنێک هەر یەک هێش و ئازارە.
کاتی داگیرکەرانی کوردستان بۆ لەناوبردنی گەلی ئێمە یەک دەگرن، بۆ نابێ ئێمە بۆ ئازادیمان،یەک بگرین؟!.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گەلی کوردستان گەر یەکگرتوو و یەک دەنگ بێت، کاتێ هەموو کۆمەڵگا، ئەحزاب و ناوەندە سیاسیەکان و… یەکبگرن و بە پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو هەنگاو بنێن بۆ ماف و ئازادییەکان، بێگومان دەستەبەرکردنی ئامانج، ماف و ئازادیەکان زۆر ئاسانتر دەبێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوبارە هاتنی ساڵی نوێی کوردی و نەورۆز لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکات و هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی وەرچەرخان و ئازادی کوردستان بێت. ساڵێک بێت کە تێیدا گەلی کوردستان بتوانێت مافی چۆنیەتی ژیانی خۆی دیاری بکات و جوگرافیای پارچەکراوی بە هەوڵ و تێکۆشانی گەلەکەمان یەک بگرێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان