KMMK:
سێ شەممە چواردەی ڕەشەمەی ۱۳۹۷، جەماڵ ئەسەدی لەچالاکانی ژینگە پارێزی شاری سنە و لە ئەندامانی گرووپی کەژەوانی چل چەمە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگهێشت و تا ناردنی ئەم هەواڵە لە مەڕ دۆخی ناوبراو زانیارییەک بە دەستەوە نییە.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئارمین ئیسپەرلووس- یش دووی ڕەشەمە دەستبەسەر گوازراوەتەوە بۆ گرتووانەی سازمانی ئیتلاعاتی سپا لە یەکێک لە پادگانەکانی سپای ئێران لە شاری ســنە.هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەری ناوبراو، دەستیان دایە پشکنینی ماڵەکەی ودەستیان گرد بەسەر هەندێ لە کەلووپەلەکانیدا وەکوو لۆپ تۆپ . کتێبەکان و… .
ئارمین ئیسپەرلووس لەماوەی ساڵانی دوایی لەگەڵ چەندد ئەنجومەنێکی پارێزەری ژینگە هاریکاری چالاکی هەبووە.
جێی بیرهێنانەوەیە ، لەچارەنووسی فەردین کەریمی ، چالاکی ژینگەپارێزی شاری سنە کە شەممە ۲۷ی ڕێبەندان دەسبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەست نییە و بنەماڵەی ئەم چالاکی ژینگەپارێزە، سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوام ، نەیان توانیووە لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک وەچنگ بخەن.
شیاوی باسە لە ماوەی ئەم مانگانەی دوایی دەیان چالاکی مەدەنی وسیاسی کورد دەستبەسەر کراون و لە زیندان ڕاگیراون.
بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹وە تا ئێستە ۶۹ چالاکی سیاسی و مەدەنی و ژینگەپارێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون کە بە هەژمارکردنی ئەم دوو چالاکە ژینگەییە جەماڵ ئەسەدی و ئارمین ئیسپەرلووس، کۆی ئەوان دەگاتە ۷۱ کەس.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان