KMMK:
چوارشەمە ۱٥ی ڕەشەمەی۱۳۹۷ی هەتاوی شارەوانی و بەڕێوەبەری پارک و سەوزایی شار لە شاری تاران ڕایگەیاند: لەم ڕۆژەدا پلانی سازکردنی ٦۲ پارک و باخچەی حەوانەوە ئەرێنی کراوە.
ئەم پلانە بە بۆنەی ڕۆژی ۱٥ی ڕەشەمە کە لە ئێراندا بە ڕۆژی نمام چاندن دەناسرێت بڵاوکراوەتەوە, ئەمە لە هەلومەرجێکدایە کە ماڵپەڕی تەسنیم لە سەرماوەزی ئەمساڵدا ڕایگەیاندوە:
شارۆچکەی نایسەر سەر بە شارستانی سنە بە ۷٥ هەزار دانیشتوەوە تەنانەت یەک میتر پارک و چیمەن و داری تێدا نیە.
لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لە داتاکانی جیهانی و ئێران بدەینەوە بزانین بۆ هەر هاووڵاتێیکی دانیشتوی شار پێویستە چەند میتر پارک و سەوزایی و شوێنی ڕابواردن هەبێت؟
لە جیهاندا ئەم پێوەرە بۆ هەر یەک کەس ۲۰ تا ۲٥ میتر دیاری کراوە و لە ئێران ئەم پێوەرە بە گشتی ٨ تا ۱۲ میتری دووجا تەرخان کراوە یان بڵاوکراوەتەوە وەک مافی هەر هاووڵاتێیک.
لە شاری تاران کە دانیشتوانی خۆ کەمتر لە ۹ ملیون کەس دەدەن زیاتر لە دووهەزار پارکی حەوانەوەی تێدایە کە بەشی هەر دانیشتوێکی تارانی ۱٥.٨ میتر دووجایە.
ساڵی ۹٤ی هەتاوی ڕۆژنامەی هەمشەهری بڵاوی کردۆتەوە ۳۹هەزار هێکتار باخ و پارک لە تاراندا هەیە کە پلانی بۆ داڕێژراوە ئەم ڕێژەیە لە ماوەێیکی کورتدا بگاتە ٥۰ هەزار هێکتار!
پێویستە لێرەدا بەراوردێکی بچوک بکرێت لە نێوان ئەم جیاوازیە مەزنەدا، دەبێت چ هۆکارێک هەبێت بۆ ۷٥ هەزار کەس لە هاووڵاتیانی گەڕەکی نایسەری شاری سنە باخێک یان میترێک شوێنی حەوانەوە نەبێت کەچی بۆ تاران ئەم ڕێژە بەرچاوە ڕەوا بێت؟
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان