KMMK:
یەکشەممە ۵ ڕێبەندانی ۱۳۹۷ هەتاوی، محاکەمەی بێهنام ئیبراهیم زادە چالاکوانی کرێکاری کورد لە لقی ۲۶ دادگای ئینقلابی تاران بە بەڕێوەبەری قازی ئەفشاری بەڕێوە چوو.
بێهنام ئیبراهیم زادە چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری شنۆ و ئەندامی کۆمەڵەی پشتیوانی لە منداڵانی کار و سەرشەقام بە هۆی چالاکییەکانی سەبارەت بە پشتیوانی لە مافی کرێکاران و منداڵانی کار، بە تۆمەت گەلی وەک پڕووپاگەندە دژی حکومەت و کۆمەڵگا و هاودەستی و هەڵسوکەوت دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئێران، لە ڕێکەوتی ۲۱ سەرماوەزی ۱۳۹۷ هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیدا لە شاری تاران دەسبەسەر کرا و هەر ئێستا لە بەشی ۴ زیندانی ئەوین دایە.
شیاوی باسە کە بێهنام ئیبراهیمزادە لە ڕێکەوتی ۲۹ سەرماوەزی ۱۳۹۷ هەتاوی، لە دادگاییەکی بە بێ بەشداری خۆی لە لایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە ۱٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرا بوو و سەرەڕای نەخۆشی منداڵەکەی و دانانی بارمتە بۆ ئازادی کاتی تا ئێستا لە لایان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەو ئازادییە کاتییەش بێبەری کراوە.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


