KMMK:
دووشەممە ۲۹ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷، شارۆخ مەحموودی بەرپرسی سەرچاوە سرووشتییەکان ڕایگەیاندووە : بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەو داتایانەێ کۆکراونەتەوە لەلایەن هێزەکانی ئەو ئۆرگانە حکوومییەوە، لە گوندەکانی “نێ” و “ولەژێر” سەربە شاری مەریوان ۲ هەزار دانە داری بەڕوو بڕدراون.
دوابەدوای قەدەغە کردنی سێ ساڵەی بڕینی دارەکانی باکووری ئێران،تا ئێستە بەرژەوەندی خوازان ڕوویان کردووە لە بڕینی دارەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبەرێکی بەرین لە دارستانەکانی زاگرۆس لەناو چوون.
ئاگر تێبەردانەکانی بە ئەنقەستی سپای پاسداران ،بڕینی دار لە لایەن هەلپەرستانەوە بۆ خەڵووز، بڕینی دارەکان بەهۆی سازکردنی باغ و زەوی کشتووکاڵی وهەنووکەیش بڕینی دارە بە قەبارەکان بە ئامانجی فرۆشتن و گواستەوەی بۆ کومپانیای ساز کردنی قاقەزی باکووری ئێران، بووە بەهۆکاری لەناوچوونی ڕووبەرێکی پان و بەرین لە دارستانەکانی زاگرۆس.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان